سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان: تا ئێستا رێگە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەگیرێت
K24 – هەولێر:
سائیر بەیاتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان، رایگەیاند، لە عێراقدا سوونە بە ئامانج گیراوە و یاسای تیرۆر تەنیا لەسەر سووننەکان دەچەسپێنن، هیوادارە پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بە دادپەروەرانە دابڕێژرێت، هاوکات دەشڵێت: تا ئێستاش رێگە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەگیرێت.
سائیر بەیاتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەی سوونە ئەوەیە نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان و لە دەوڵەتی عێراقدا نییە، سوونە لە عێراقدا بە ئامانج گیراوە لە رێگەی ماددەی چواری تیرۆرەوە، لە رێگەی هەواڵگری نهێنی و لە رێگەی ئەو تۆمەتانەی کە بۆی هەڵدەسبترێن.
هەروەها راشیگەیاند، داوا دەکرێت سووننەکان بەشداری بکەن لە هەڵبژاردن، "چۆن بەشداری لە هەڵبژاردنێک بکەین کە زیاتر لە 200 هەزار کەسمان زیندانی کراوە، زیاتر لە 600 هەزار داواکراومان هەیە، هاوکات زیاتر لە چوار ملیۆن کەسمان ئاوارە بووە و لە دەرەوەی وڵاتن".
ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەر سوونە تیرۆرستبان، ئەگەر بەشداربوونایە لە کردەوە تیرۆرستییەکان، ئەوا ئێمە لە تاران بووین لە بەغدا و لە ناوچەکانی دیکە نەدەبووین، زۆرینەی سوونە لە ناوچەکانیان کۆچیان پێکراوە، لەکاتی هاتنی داعش خەڵکی سوونە ناوچەکانیان جێهێشت قوربانیان بە هەموو شتێک دا، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەبووایە ئێمە هیچ ئاسەوارێکمان نەدەما لە عێراق".
لەبارەی پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان، گوتی: کێ زامنی ئەوە دەکات کە ئاوارە سوونەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، کێ گیانیان دەپارێزێت، لەکاتێکدا ئەو هەموو میلیشیایە هەن و کۆنتڕۆڵی ناوچە سووننەکانیان کردووە، بەڵگەی تەواو بەردەستە میلیشیاکان تاوانیان ئەنجامداوە. خەڵکی زۆریان کوشتووە، چەندەها گۆڕی بە کۆمەڵ هەیە کە شایەدی ئەو راستییەن کە سوننەکان کۆمەڵکوژ کراون، گۆڕەکان لە دەوروبەری فەلوجە، رومادی و ئەنبار و چەندین لە ناوچەی دیکە هەن. میلیشیاکان گوندەکانیان وێران کردووە و ناوچەکانیان داگیرکردووە، ناشهێڵێن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانمان لەبەر ئەوەی ناوچەکان و ماڵ و حاڵی خەڵکیان هەموو داگیکردووە.
گوتیشی: متمانەمان بە تەواوی پرۆسەی سیاسی نەماوە لە عێراق، ئێمە نازانین لە عێراق لەگەڵ کێ گفتوگۆ بکەین و متمانە بەکێ بکەین، هەروەها رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرا خۆیان لێ دزیەوە و ئەنجامیان نەدا.
سائیر بەیاتی، باسی لەوەشکرد، "دەبێت بە یاسای تیرۆر هەموو سەرانی میلیشیاکان دادگایی بکرێن، بەڵام لە ئێستادا لە عێراق ئەم یاسای تیرۆرە تەنیا لەسەر سووننە جێبەجێ دەکەن نەک لەسەر لایەنەکانی دیکە، سووننە هەر چی بکات دادگایی دەکرێت، تەنانەت متمانەمان بە ئیدارەی ئەمەریکاش نەماوە کە دۆخەکە چاک بکات، دۆخەکەی لە بەرژەوندی شیعەکان تەواو کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو، لە بابەتی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی داوای دادپەروەری دەکەین، ئێمە نامەونەوێت تیرۆرستان ئازاد بکرێن، بەڵام دەمانەوێت دادپەروەری لە یاساکەدا هەبێت، پێویستە لە یاسای لێبوردنی گشتی هەندێک لەو یاسایانە هەڵبوەشێنەوە ئەمە پەیامێکی بۆ سەرکردایەتی کوردی کە هەڵوێستێکیان هەبێت لەگەڵ سووننەی عەرەب.