راپرسییەک: زیاتر لە نیوەی گەنجانی عەرەب دەیانەوێت وڵاتەکانیان بەجێبهێڵن
K24 - هەولێر:
بەپێی راپرسییەکی کۆمپانیای بی سی دەبلیو، لەسەدا 53 ی گەنجانی عەرەب دەیانەوێت وڵاتەکانیان بەجێبهێڵن و روو لە ئەوروپا و ئەمەریکا بکەن.
راپرسییەکەی کۆمپانیای "ASDA'A BCW" ئەوە دەردەخات، لەسەدا 53 ی گەنجانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەدا 48ی گەنجانی باکووری ئەفریقا لە دۆخی ژیانی وڵاتەکانیان رازی نین و دەیانەوێت بەجێی بهێڵن.
وەک لە راپرسییەکەدا ئاماژەی پێکراوە، سەدا 72ـی گەنجانی (عێراق، ئوردن، لوبنان، فەڵەستین، سوریا و یەمەن) و سەدا 62ـی گەنجانی (میسر، لیبیا، جەزائیر، سوودان، مەغریب، باشووری سوودان و تونس) پێیان وایە ئابووری وڵاتەکەیان بە "ئاڕاستەیەکی هەڵە"ـدا هەنگاو دەنێت.
ئەوەشیخستووەتەڕوو، لەسەدا 34ی گەنجانی عەرەب دەیانەوێت کۆچ بۆ کەنەدا بکەن و لەسەدا 30 یان خواستییان هەیە روو لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بکەن.
راپرسیەکە بەشێوەی رووبەڕوو لە 53 شاری 18 وڵاتی عەرەبی کراوە، هەروەها سێ هەزار و 600 هاووڵاتی عەرەب بەشدارییان تێدا کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 24 ساڵدا بووە.