ئاماری سەرژمێری 1957 دەکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
K24 – هەولێر:
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کورد جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران، ئەمەش لە کاتێکدایە ترسێک لەلایەن کورد و تورکمانەکانی کەرکووک هەیە لە گواستنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بەشێک لە عەرەبەکان بۆ ناو سەنتەری شارەکە.
رۆژی (12ـی ئابی 2023) کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەند پەرلەمانتارێکی کەرکووک و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک ئەنجامدرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کۆمیسیۆن ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 بکاتە بنەما بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ ئەوەی روونبێتەوە کێ نەوەی رەسەنی کەرکووکە، بەتایبەتی ئەم سەرژمێرییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سیاستەکانی بەعەرەبکردن، ئەمە گرنگە بۆ دەرخستنی ئەو کەسانەی دوای 2003 و 2015 و 2016 هاتوونەتە کەرکووکەوە، هەربۆیە گەر ئەوان لە بەڵگەنامەی سەرژمێری ساڵی 1957 نەبن ناتوانن وەک هاووڵاتی کەرکووک هەژمار بکرێن.
لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو خاڵە جێگیرکراوە کە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 یەکێک بێت لە بنەماکانی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.
کوردستان24 هەوڵێکی ساختەکاری ئاشکرا دەکات
پێشتر لە بەدواداچوونێکی کوردستان24، هەوڵێکی عەرەبەکانی کەرکووک ئاشکرا کرا کە بە لێشاو هەوڵی گواستنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان دەدەن لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ بنکەکانی هەڵبژاردنی سەنتەری شاری کەرکووک.
بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا تەنیا لە یەک بنکەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سەنتەری شاری کەرکووک، لەکۆی هەزار و 300 کەس کە سەردانی بنکەکەیانکردووە، 600 کەسیان خەڵکی سنووری حەویجە و شاروشارۆچکەکانی دیکە بوونە و ناوەکانی خۆیان بۆ سەنتەری شاری کەرکووک گواستووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانیش لەو ماوەیەدا، لە بنکەکانی دیکەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران زیاتر لە 30 هەزار کەس مامەڵەی گواستنەوەیان بۆ ناو سەنتەری شاری کەرکووک تا هەفتەی یەکەمی ئەم مانگە بۆ کراوە.
لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای بنکەکانی بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە رووی هاووڵاتییان کردەوە کەوا بڕیاربوو لە (31ـی تەمموزی 2023) کۆتایی پێبێت، بەڵام رۆژی یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، ، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تا کۆتایی دەوامی رۆژی (12ـی ئابی 2023) درێژکرایەوە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بەتایبەتی لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە رووی کارگێری و سیاسییەوە بەسەر شارەکەدا هاتووە و کورد وەک نەتەوەی زۆرینە و دەنگی یەکەمی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 2005 ئەنجامدرا، پەراوێزخراوە و زۆرترین پۆستە کارگێرییەکانی لێوەرگیراوەتەوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کە ئێستا لەلایەن عەرەبێکەوە سەپێندراوە بەسەر کەرکووک.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 16 هاوپەیمانی کێبڕكێ دەکەن لەسەر 15 کورسیی ئەنجوومەنەکە و لایەنە کوردییەکانیش لە شارەکە بە سێ هاوپەیمانی و لیستێکی سەربەخۆ بەشداری دەکەن.
کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سێ هاوپەیمانی دەبێت، کە بریتین، لە هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێکی دیکە، تەنها ماوە بەفەرمی رابگەیەندرێت، یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکردووە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.
لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.
ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957
بەگوێرەی سهرژمێری ساڵی 1957ـی عێراق، ژمارهی دانیشتووانی عێراق بریتی بووە لە شەش ملیۆن و 538 هەزار و 199 کەس و کە کورد رێژەی 16%ـی پێکهێناوە و عەرەبیش بە شیعە و سووننەوە رێژەی 80%ـی دانیشتووان و تورکمان رێژەی 2%ـی دانیشتووانی عێراقیان پێکهێناوە.
ژمارەی عەرەب لە عێراق بە شیعە و سووننەوە، پێنج ملیۆن و 18 هەزار و 262 کەس بووە و ژمارەی کوردیش ملیۆنێک و 42 هەزار و 774 کەس و تورکمانیش 136 هەزار و 806 کەس و كریستیانهكانیش ژمارەیان 206 هەزار و 202 کەس بووە لە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957.
لە سەرژمێری ساڵی 1957ـدا، دابهشبوونی دانیشتووان له كهركووك، کورد زۆرینە بووە بە 187 هەزار و 593 کەس و عەرەبیش 109 هەزار و 620 کەس و تورکمانیش 83 هەزار و 371 کەس و کریستیانەکانیش ژمارەیان بە هەزار و 605 کەس.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی دهنگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 50 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکهاتووە لەلایەن 198 پارتی سیاسییەوە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 296 پارتی سیاسیی مۆڵەت پێدراو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، جگە لە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیەشدا 198 پارتی سیاسی بەشدارن لە پێکهێنانی 50 هاوپەیمانی و 98 پارتی سیاسییش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە 63 پارتی سیاسی دیکەش تاوەکو ئێستا کارەکانی تۆمارکردنیان تەواونەبووە.
هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو هاوپەیمانیەتییانەی لە گشت پارێزگاکان بەشداری دەکەن رایگەیاندووە، هاوپهیمانی ئیتیلافی نیشتمانی، هاوپهیمانی حهسمی نیشتمانی، هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی، هاوپهیمانی سهرۆكایهتی و هاوپهیمانی مهدار (جگەلە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە) لە هەموو پارێزگاکان لیستیان دەبێت.
لەبارەی گەورەترین هاوپەیمانییەکانیش، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەمشێوەیە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمانەن، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (12 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی بەها مەدەنییەکان (10 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەکان (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی تورکمانی عێراق (9 پارتی سیاسی).
ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، زۆرترین هاوپەیمانی لە بەغدایە (18 هاوپهیمانی)، دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار دێت بە (17 هاوپەیمانی) و پارێزگاکانی بەسرە، نەینەوا و کەرکووکیش لە پلەی سێیەم دێن بە (16 هاوپەیمانی) بۆ هەر یەکێکیان.
لە پارێزگای واست (15 هاوپهیمانی) پێکهاتووە و لە بابل، کەربەلا و مووسەننا (14 هاوپەیمانی بۆ هەر یەکێکیان پێکهاتووە و لە زیقار و دیوانییە (13 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەکیان و لە نەجەف و دیالە (11 هاوپهیمانی) بۆ هەر یەکێکیان و لە پارێزگاکانی میسان و سەڵاحەددینیش (10 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەک پێکهاتووە کە کێبڕکێ دەکەن بۆ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، بەم شێوەیە دابەشکراوە:
پارێزگای ئەنبار (16 کورسی کە چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای بەسرە (22 کورسی کە شەشیان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای دیوانییە (14 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای مووسەننا (12 کورسی و سێیان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای نەجەف (15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای بابل (18 کورسی و پێنجیان کۆتای ئافرەتانە)
بەغدای پایتەخت (49 کورسی و 13 کورسییان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای دیالە (15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای زیقار (18 کورسی و پێنجیان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای سەڵاحەددین (15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای کەربەلا (13 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای کەرکووک 15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای میسان (13 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای نەینەوا (26 کورسی و حەوتیان کۆتای ئافرەتانە)
پارێزگای واست (14 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)
کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.