پێشەوا هەورامانی بۆ کوردستان24: رۆژی سێشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی سێ شەممە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە، مووچە ئەولەوییەت دەبێت.
رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بابەتی یاسای بودجە گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکوومەتی عێراقی دەبێت و هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی، مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.
لەبارەی سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، بەڕێز سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان نەمێنێت بەبێ وەڵام.
هەروەها راشیگەیاند، رۆژی یەکشەمەی داهاتووش شاندێکی حکوومەتی هەرێم بۆ تاوتوێی یاسای نەوت و غاز دەچنە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گاز و ئاشکراشیکرد، سێ لایەنی سەرەکی لە یاسای نەوت و گازدا گفتوگۆ دەکەن،حکومەتی هەرێم، پاریزگا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی عێراق.
هاوکات باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان دەیەوێت یاسایەک دەربچێت بۆ نەوت و غاز کە هیچ لایەک تێیدا هەست بە غەدر نەکات و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەم بابەتەدا یەکدەنگبن و خواستی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە ئەزموونی یاسای بودجە لە پرسی یاسای نەوت و غاز لەناو هۆڵی پەرلەمان دووبارە نەکەینەوە.