پێشبینی دەکرێت زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکار لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی سەردانی عێراق بکەن

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، پێنج ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن سەردانی شاری کەربەلا بکەن.

عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، رایگەیاند، ئەو پلانە ئەمنییەی کە بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن ئامادەکراوە، لە رۆژی 19ی ئەم مانگەوە دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

وەزیری ناوخۆی عێراق، بەمەبەستی ئاگاداربوون لەو پلانە ئەمنییەی کە بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکارانی ڕێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن ئامادەکراوە سەردانی پارێزگای زیقاری کرد و دواتر لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە کۆبوویەوە.

وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شەممەری دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان لە پارێزگای زیقار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، پلانی ئەمنی ئەمنی باش لە پارێزگاکانی بەسرە، واست، میسان، زیقار و موسەننا بۆ پاراستنی بەشداربووانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن ئامادەکراوە و گوتی: "پلانەکە لە رۆژی 19ی ئەم مانگەوە، دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە".

ساڵانە، ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی شیعە مەزھەب بۆ یادکردنەوەی چلەی ئیمام حسێن سەردانی شاری کەربەلا دەکەن و لەوبارەیەوە عەبدولئەمیر شەممەری گوتی: "پێشبینی دەکەین، ئەمساڵ سێ تا پێنج ملیۆن زیارەتکار لە وڵاتانی عەرەبی و ئێرانەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازە سنوورییەکانی زرباتییە، شەلامجە، مونزەرییە، شیب ، سەفوان سەردانی عێراق بکەن".

عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە زیقار
عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە زیقار

جگە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ساڵانە ژمارەیەک زیارەتکاری دیکەش لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی کەربەلا دەکەن. عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، رایگەیاندووە "لەسەر داواکاری حکومەتی ئێران، پێشبینی دەکرێت، 500 ھەزار زیارەتکاری ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی شاری کەربەلا بکەن".

ئاماژەی بەوەشداوە، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارێزگای ھەولێر و پارێزگای ورمێ، یەکێک لە تەوەرەکان ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بوو بۆ کەربەلا و گوتی: "پێشبینی دەکرێت، 500 ھەزار زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئومەران و باشماخەوە سەردانی شاری کەربەلا بکەن کە ئەوەش پێویستی بە گرتنەری رێکاری گونجاو ھەیە، بۆ مەبەستەیش پارێزگاری ھەولێر لیژنەیەکی پێکھێناوە و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی دەستی پێکردووە".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر ئامادەکراوە بۆ حەواندنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی بەرلەوەی بەرەو کەربەلا بەڕێبکەون".

ئاشکراشی کردووەی کە ھەفتەی داهاتوو ھاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران
عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران

ساڵانە، ژمارەیەکی زۆری شیعە مەزھەب لە ناوچەکانی دیکەوە بە پیادەڕوو دەکەنە شاری کەربەلا باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بکەن.

رێوڕسمی چلەی ئیمام حوسێن بەپێی ساڵنامەی کۆچی لە یەکی مانگی سەفەر دەست پێدەکات و لە 20ی مانگی سەفەر کۆتایی دێت.

دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا - ئەرشیف
دیمەنێکی زیارەتکاران لە کەربەلا - ئەرشیف