ئانۆ جەوهەر: بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی پارێزگاری لە پێکهاتەکان کرا

لە ڕێوڕەسمی یادی کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا لە هەولێر، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا تەنیا ئەوەبوو دانیشتووانەکەی کریستیان بوون.
ئانۆ جەوهەر، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، ڕاگەیاند: کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا برینێک بوو بە جەستەی عێراق و کوردستاندا، دەیان منداڵ بێ دایک و باوک کران، عەقڵیەتی سڕینەوەی بەرانبەر و دەستبەسەرداگرتنی ناسنامەی کەسێتی یەکێکە لە ناخۆشییەکان لە عێراق هەیە، لە سەرەتای دروستبوونی عێراق ئێمە لە مێژوویەکی بەتاڵ دا دەسوڕێینەوە، تاوەکوو دەگاتە نکوڵی کردن لە مافی پێکهاتەکان، کۆمەڵکوژییەکان سزادانی گەل بوون داوای ئازادییان کرد.
هەروەها گوتی: هۆکاری کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا تەنیا ئەوەبوو دانیشتووانەکەی کریستیان بوون و عەقڵیەتێکی چەقبەستوو هەیە بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان، بەڵام بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی پارێزگاری لە پێکهاتەکان کرا و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنین.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، باوەڕمان بە سەرکردایەتی کوردستان هەیە، داوا دەکەین هاووڵاتییانی دەشتی نەینەوا ڕزگار بکرێن لە گرووپە میلیشیاکان.