ناتانیاهۆ: قەتەر پشتگیری دارایی حەماس دەکات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، مافی خۆیانە ڕووبەڕووی هەر هێرشێک ببنەوە کە لە وڵاتانی دیکە دەکرێتە سەرمان، هاوکات پاساو بۆ هێرشەکانی دێنێتەوە و قەتەر بە پارەدارکردنی حەماس تۆمەتبار دەکات.
سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆشکی سپی بانگهێشتی کردووم، دوای گوتارەکەم لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو هەفتەی داهاتوو دەچمە ئەمەریکا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بارەی نیگەرانییەکان لەسەر هێرشەکەی قەتەر ڕایگەیاند، " کاتێک ئەمەریکا، ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان و ئوسامە بن لادن، لە پاکستان بۆردوومان کرد، کەس هیچ نەگوت، لە کاتێکدا ئەمەریکا، پێشێلی سەروەری هەر دوو وڵات کرد.
ناتانیاهۆ ڕاشیگەیاند ئەو هێرشەی هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە "پاساوی هەبوو". گوتیشی: "قەتەر پەیوەندیی بە حەماسەوە هەیە، داڵدەی داون و پارەداریان دەکات. کارتی فشاری بەهێزی بەدەستەوەیە، بەڵام بەکاریان نەهێنێت."بۆیە، هەنگاوەکەمان بە تەواوی پاساوی هەبوو." لە کاتێکدا ئەوان لە خاکەکەتان هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی ناکەن؛ مافی خۆمانە دژی ئەو تیرۆریستانە هەنگاو بنێین کە لە وڵاتانی ترەوە هێرش دەکەنە سەرمان."
ڕۆژی سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە شاندی دانوستانکاری حەماس بە ئامانج گیرا.
دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕەتی کردبووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێش ڕوودانی هێرشەکەی دەوحە ئاگاداری کردبێتەوە. ئاماژەی دابوو ، لە هێرشەکە ڕازی نییە، بەتایبەتی کە قەتەر هاوپەیمانێکی سەرەکی واشنتنە.