ترەمپ: ئەگەر حەماس بارمتەکان وەکوو قەڵغان بەکاربهێنێت، دووچاری "کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە"

ترەمپ: زێلێنسکی و پوتن زۆر ڕقیان لە یەکدی دەبێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس بارمتەکان وەکوو قەڵغان بەکاربهێنێت، دووچاری "کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە"؛ هاوکات لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا گوتی: ئەو دوو سەرۆکی زۆر ڕقیان لە یەکدی دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بە یەکەوە لەگەڵیان کۆببمەوە.

سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوت، بڕیارە تاوەکوو پێنجشەممە لەو وڵاتە بمێنێتەوە، هاوکات بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت گرێبەستێک بە بەهایی 10 ملیار دۆلار لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆ بکەن، ترەمپ لەبارەوە گوتی: بەریتانیا دەیەویت ئاستی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا باشتر بکات، ئێمە بۆ ئەوا ئامادەین.

ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئاگادارم حەماس دەیەوێت بارمتەکان وەکوو قەڵغان بەکار بهێنێت، بەڵام ئەگەر بێتو ئەو لێدوانانە ڕاست بێت، ئەوا دەرەنجامێکی زۆر خراپی بۆ حەماس دەبێت و دووچاری "کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە".

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، لەگەڵ چین لەبارەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک ڕێککەوتوون، ڕۆژی هەینی داهاتوو 19ی ئەیلوولی 2025، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین دەکەم.

لەبارەی کۆبوونەوەی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ترەمپ گوتی: ئەو دوو سەرۆکە زۆر ڕقیان لە یەکدی دەبێتەوە، بۆیە وا پێدەچێت، پێویستە من لەگەڵیان لە یەک ژوور کۆببمەوە، چونکە بەو ڕقەی بۆ یەکدی هەیانە، ناتوانن بە یەکەوە کۆببنەوە.

ئاماژەشی دا، دەبێت زێلێنسکی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا بکات و وڵاتانی ئەورووپاش لە کڕینی نەوتی مۆسکۆ دەست هەڵبگرن.

 
Fly Erbil Advertisment