دانیشتووانی به‌غدا: حكوومه‌ت پایته‌خت ده‌كاته بیابان

عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی به توندی كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی له ناوه‌ڕاست و خواروو بووه‌ته بیابان و دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه ڕۆژانه گله‌یی له خراپی بارودۆخ و گوزه‌رانیان ده‌كه‌ن، كه له ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته سروشتییه‌دا به‌سه‌ریاندا هاتووه، له لایه‌كی دیكه‌ش له پلان و سیاسه‌تی حكوومه‌ت نیگه‌رانن و متمانه‌یان نییه هاوكارییان بكات و سنوورێك بۆ ئه‌و كاریگه‌رییانه دابنێت و پێیان وایه حكوومه‌ت له بری دانانی سنوورێك بۆ ئه‌م دۆخه، كه‌چی تا دێت ڕێژه‌ی سه‌وزایی كه‌م ده‌كاته‌وه.
سێشه‌ممه، 16ـی ئه‌یلوولی 2025، میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، به‌غدای پایته‌خت ڕۆژ له دوای ڕۆژ ناوچه‌ی سه‌وزایی له‌ده‌ست ده‌دات و پارك و باخچه بچووك و لاوه‌كییه‌كان كه شوێنی هه‌واگۆڕكێ و پشوودانی خێزانه‌كانه، هه‌ڵیان ده‌گرێت و به پاساوی به‌كارهێنانی شوێنه‌كانیان بۆ پرۆژه‌ی گشتی، ئه‌و شوێنانه وشك ده‌كات.
دانیشتووانی به‌غدا به میدیا عێراقییه‌كانیان گوتووه، سه‌رجه‌م پارك و باخچه لاوه‌كییه‌كانی ناوچه‌ی یه‌رمووك له لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووی حكوومه‌ت كه له لایه‌ن حزبه باڵاده‌سته‌كانه‌وه ئاراسته ده‌كرێن، تێكدراون و شوێنه‌كانیان یه‌كپارچه ته‌خت كراوه و به پاساوی به‌كارهێنانی شوێنه‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، ئه‌و پاركانه وشك كراون، له كاتێكدا كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو بۆ شوێنی بازرگانی و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌كاریان ده‌هێنن.
دانیشتووانی ناوچه‌ی یه‌رمووك ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، ئه‌و باخچانه ته‌نیا شوێنی پشوودان و هه‌واگۆڕكێ نه‌بووه، به‌ڵكوو شوێنێك بووه بۆ كه‌سانی نه‌خۆش و به ته‌مه‌ن، به تێكدانیشیان كه زیاتر مه‌به‌ستیانه بۆ شوێنی بازرگانی و هۆتێل و مۆتێل به‌كاربهێنرێن، هێنده‌ی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌یان به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه و شوێنێك نامێنێت بۆ هه‌ناسه‌دان و ههناسهوهرگرتنهوه و هه‌واگۆڕكێ.
چاودێرانیش به میدیا عێراقییه‌كانیان گوتووه، ئه‌وه‌ی له‌و ناوچانه‌ی به‌غدا ڕوو ده‌دات، پێشێلكردنی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه كه ڕێگه له تێكدانی باخچه و ناوچه سه‌وزاییه‌كان ده‌گرێت، به‌ڵام تێكدانیشیان به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو ناشكێت و ناتوانێت ڕێگه له پرۆژه به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كانیان له‌سه‌ر حیسابی موڵكی گشتیی بگرێت، به‌مه‌ش به‌غدا ده‌بێته بیابان.