پرۆسەی وردبینی لە داهاتی نەوت و خەرجیەکانی کۆتایی هات

K24 - هەولێر:

 شەوی رابردوو پرۆسەی وردبینی لە داهاتی نەوت و خەرجیەکانی بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی هات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوای ئەوەی لە رۆژی 6ی8ی2023 پرۆسەی وردبینی لە داهات و خەرجییەکانی نەوت دەستیپێکرد، شەوی رابردوو کۆتایی هات و ئەمڕۆش راپۆرتی کۆتایی پرۆسەی وردبینیەکە دەنووسرێتەوە.

پێشتر خەزال عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەوە بۆ یەکەم جارە حکومەتی فیدراڵ پرۆسەی وردبینی لە داهاتی نەوت و خەرجییەکانی دەکات، ئەمەش بۆ شەفافیەت گرنگە، هەموو ئاسانکاریەکیش بۆ پرۆسەی وردبینیەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم وردبینیە بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵە و بڕیارە لە داهاتوو پرۆسەی وردبینی بۆ داهاتی نەوت و خەرجییەکانی ساڵی 2023 تا 2024 بکرێت.

هەر بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بڕیارە پرۆسەی وردبینی بکرێتە وەرزی و سێ مانگ جارێک ئەنجام بدرێت.

پرۆسەی وردبینی لە داهاتە نانەوتیەکانیش هاوشانی پرۆسەی وردبینی لە داهات و خەرجییەکانی نەوت دەستیپێکردوە ئەم پرۆسەیە بە لیژنەیەکی هاوبەشی 30 کەسی لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام دەدرێت.