گوهدار شێخۆ: بە پشتیوانی سەرۆکوەزیران 170 پرۆژەی جۆراوجۆر لە زاخۆ جێبەجێ کراون

گوهدار شێخۆ
گوهدار شێخۆ

K24 - هەولێر:

گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ سەبارەت بە پرۆژەی گەشتیاری کۆرینشی دەلال، دەڵێت: پرۆژەی کۆرنیشی زاخۆ، پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لەسەر خەت بووە بۆ دڵنیابوون لە تەواوبوونی پرۆژەکە.

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ لەمیانەی گوتارێکیدا لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال، رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی پیرۆز و مێژووییە بۆ دەڤەرێکی گرنگ لەسەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، دەڤەرێکی کوردپەروەر و شەهیدپەروەر.

گوهدار شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کارنامەیەکی رێکوپێکی داڕشتووە و لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیەدا خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

گوتیشی: لە ماوەی حوکمڕانی کابینەی نۆیەم، بە پشتیوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 170 پرۆژەی جۆراوجۆر لە سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری گشتی، تەندورستی، ئاو، کارەبا، پەروەرد و رێگاوبان جێبەجێ کراون.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا پڕۆژەی گەشتیاری "کۆرنیشی دەلال" لە زاخۆ کردەوە.

پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، درێژی پرۆژەکە 1500 مەترە لە هەردوو دیوی رووباری خابوور، لەناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژی 73 مەتر و بەرزی 3.5 مەتر دروستکراوە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی زیاتر لە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە %70ی رووبەری پڕۆژەکە لە سەوزایی پێکهاتووە.