پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ 56 هونەرمەند کرایەوە

K24 – هەولێر:
ناوەندی رۆشنبیری و هونەری روافد بۆ هونەری هاوچەرخ، 15ـەمین پێشانگای شێوەکاری هاوبەشی بۆ 56 هونەرمەندی کورد و عەرەب و نەتەوە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان لە گەلەری میدیا کردەوە.
ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: پێشانگاکە گردبوونەوەیەکی هونەری پڕ لە داهێنانە، لە سەنتەری شاری هەولێر و دەستەیەک لە هونەرمەندانی کورد و عەرەب و نەتەوە جیاکان بە چەمکی پێکەوە ژیان کاریان لەسەر سروشت و سیمای جوانی پایتەختی کوردستان و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان کردووە، هاوکات بوونەتە جێی سەرنجی ئامادەبووانی گەلەری میدیا،
گوتیشی: بڕیاریشە پێشانگاکە دوو رۆژ بەردەوام بێت، پاشان بڕوانامەی رێزلێنان ببەخشرێتە هونەرمەندە بەشداربووەکانی ئەم پێشانگا شێوەکارییە.
لە پێشانگاکەدا 60 تابلۆی رەنگین نمایشکران، کە گوزارشتیان لە ئاوەدانی کوردستان و منارەی چۆلی هەولێر و سروشت دەکرد، جگە لە چەندین وێنە و هێلکاریی ئەفسانەیی کە بە خەیاڵی شێوەکاران کێشرابوون و بە چاودێری "ئومێد خۆشناو" پارێزگاری هەولێر پێشانگاکە کرایەوە.