عەلی حوسێن: هیچ بیانوویەک بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەماوە
K24 – هەولێر:
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێمە وەک لایەنی سیاسی بەرپرسیاریەتی ئەمڕۆی کوردستانمان لەسەر شانە، بۆیە دەبێت هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە بنێین و دیالۆگ و گفتوگۆمان هەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (14ـی ئابی 2023)، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ بیانوویەک بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن نەماوە و هەموو لایەنەکان رازی بوون بەو وادەیەی لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاریکراوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش پێشوازی لێ کردووە.
هاوکات راشیگەیاند، "پێویستیمان بە هەماهەنگی و لێکتێگەشتنی هەموو لاینەکانە، چونکە کوردستان پێویستی بەوە هەیە بەرپرسیارەتی ئەمڕۆش ئەوە لە ئێمە دەخوازێت".
سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، گوتی: ئێمە وەک لایەنی سیاسی بەرپرسیاریەتی ئەمڕۆی کوردستانمان لەسەر شانە، بۆیە دەبێت هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە بنێین و دیالۆگ و گفتوگۆمان هەبێت.
گوتیشی: هەنگاوێک نانێین کە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت.
لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا، عەلی حوسێن، ئاماژەی بەوەدا، پارتی ئەرکێتی پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات لە گفتووگۆکان لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە دەستووردا هەیە زامن بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە رێکارەکان پێویستی بە 90 رۆژە.
لە درێژەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، کە دڵنیاییان وەرگرتووە کە ماوەی یاسایی کارکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بەڵێنێک وەرگیراوە بەشێوەی یاسایی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هاوکات روونیکردەوە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە دەسەڵاتی دادوەریدایە نەک کۆمیسیۆن، بۆیە دوای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنیش تەواوبێت کێشەیان نابێت.