پێشەوا هەورامانی: رەیان کلدانی عەقڵیەتییەکی شۆڤێنی هەیە و ئەوەی باوەڕی بە ماف و ئازادی گەلان هەبێت گوێی لێناگرێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن رایگەیاند، ئەو کەسێکی بێزراوە و خاوەنی عەقڵیەتییەکی شۆڤێنییە و هەر کەسێکیش باوەڕی بە ماف و یەکسانی و ئازادی گەلان هەبێت گوێ بە قسەکانی ئەو و هاوشێوەکانی نادات.

رۆژی دووشەممە (14ـی ئابی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لە وەڵامی رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن رایگەیاند، "نموونەی ئەم جۆرە عەقڵیەتە شۆڤێنییە هی ئەم جیهانە نییە، مافەکانی گەلێک بە تۆ و نموونەی وەک تۆ ناسڕێتەوە".

پێشەوا هەورامانی بۆ رەیان کلدانی نووسیوەیەتی، "تۆ شێوەیەکی بێزراوت هەیە لەناو هاووڵاتییانی عێراقیدا و هەر کەسێک باوەڕی بە ماف و یەکسانی و ئازادی گەلان بێت گوێ بە قسەکانی تۆ و کەسانی هاوشێوەی تۆ نادات".

ئەم وەڵامەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە رەیان کلدانی لە چەند تویتێکدا قسەی زیادەڕۆیی لەبارەی مافەکانی هەرێمی کوردستان کردبوو، هەروەها دژایەتی ئاشکرای خۆشی بۆ پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دووپاتکردووەتەوە.

هەروەها لە ماوەی رابردوو، چەندین لایەن و کەسایەتی ئایینی و رۆشنبیرانی کریستیان لە عێراق دژایەتی خۆیان بۆ هەڵسوکەوتەکانی رەیان کلدانی دەربڕیوە و رەتیان کردووەتەوە کە نوێنەرایەتی کریستیانەکان بکات.

هاوکات سەرەتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.