چیا ئەمین: سەرۆکی حکومەتی هەرێم جدییە لەسەر پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزار لە کوردستان

K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پڕۆژەی گەشتیاری "کۆرنیشی دەلال" لە زاخۆ کردەوە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، رایدەگەیەنێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جدییە لەسەر پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزار لە هەموو کوردستان.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کاتژمێر 22ـی کوردستان24، رایگەیاند، ئامانج و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرینگیدان بوو بە سێکتەری گەشتوگوزاری لە کوردستان کە ئەمە خاڵێکی دڵخۆشکەرە.
راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مزگێنیدا کە پڕۆژەی گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا، بە پشتیوانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زاخۆ دەبێتە شارێکی گەشتیاری، هەروەها خەونی لەمێژینەی خەڵکەکەی بەدی دێت، پڕۆژەی گەشتیاری "کۆرنیشی دەلال" بە باشترین کوالێتی جێبەجێ کراوە، هاوکات بووەتە هۆی گۆڕینی سیمای گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، باسی لەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی بەهێز و ستراتیژی بوو لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی راکێشانی سەرنجی زیاتری وەبەرهێنەری بیانی بوو، کە بێن لەو شارەدا وەبەرهێنان بکەن لە سێکتەرە جیاوازەکان، هەروەها ئەم پڕۆژەیە دەستپێکێکە بۆ ئەوەی زاخۆ بکەوێتە سەر سیستمێکی گەشتیاری و بەروەپێشچوونی تەواو بەخۆیەوە دەبێنێت.
چیا ئەمین، دەشڵێت: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جدییە لەسەر پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزار لە هەموو کوردستان.
باسی لەوەشکرد، سروشتی هەڵکەوتەی زاخۆ زۆر ستراتیژیە بەهۆی بوونی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وادەکات گەشتیاری بیانی زیاتر سەردانی ئەم ناوچەیە بکەن، هەروەها پلانمان ئەوەیە گەشتیاری بیانی زیاتر راکێشین بۆ زاخۆ.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، ئەوەشی خستەڕوو، لە قۆناغی داهاتوودا لە بەرنامەماندایە کەرتی تایبەت بە پێشبخەین و ببێت بە جێگرەوەی کەرتی حکومی.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری "کۆرنیشی دەلال" لە زاخۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: "لەم ماوەیەدا زیاتر لە 170 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکەین. یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامی 60 مەترییە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "زاخۆ شارێکی گرنگە بۆ ئێمە، نەک لەبەر ئەوەی شارێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، ئەوروپا و جیهانێ، بەڵکوو شارێکە بەردەوام پاڵپشت و پشتەوان بووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و زۆر قارەمان لە زاخۆ هەڵساون و خەڵکێکی زۆر خۆی کردووەتە قوربانی و ئەم دەڤەرە شەهیدێکی زۆری داوە، زۆرێک لەوانەی شەهید بوون، دەمناسین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لێرە نین. ئێمە سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەچەمێنین، کە ئەمە هەمووی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانیانە و لە سایەی ئەوان، جێبەجێکراوە".
لەلایەکی دیکەوە گۆهدار شێخۆ، سهرپهرشتیاری ئیدارهی سهربهخۆی زاخۆ لەمیانەی گوتارێکیدا لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال، رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی پیرۆز و مێژووییە بۆ دەڤەرێکی گرنگ لەسەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، دەڤەرێکی کوردپەروەر و شەهیدپەروەر.
پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، درێژی پرۆژەکە 1500 مەترە لە هەردوو دیوی رووباری خابوور، لەناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژی 73 مەتر و بەرزی 3.5 مەتر دروستکراوە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی زیاتر لە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە %70ی رووبەری پڕۆژەکە لە سەوزایی پێکهاتووە.