تورکیا کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکەی لە چیای گارە راگەیاند و پەکەکە قسەیەکی دیکە دەکات

پەکەکە
پەکەکە

K24 - هەولێر:

حکومەتی تورکیا کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکەی لە چیای گارەی سنووری پارێزگای دهۆک راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ئەو چیایەیان کرد.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی لە دژی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە چیای گارە دەستپێکردووە و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، جەلال بیردال، کە ناسراوە بە سیدار سەرحەد، لەگەڵ چەند گەریلایەکی پەکەکە گیانی لەدەستدا.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی پەکەکە هەفتەی رابردوو لە هەواڵێكدا، ناسنامەی چوار گەریلایان ئاشکرا کرد کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا لە چیای گارە لە 8ی ئابی ساڵی رابردوودا گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەوانەش جەلال بیردال بووە کە نازناوی سیدار سەرحەدە.

هاوکات بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بۆردوومانی چیای گارەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.