فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا له‌باره‌ی جوڵه‌پێكردن به‌ هێزه‌كانیان وه‌ڵامی كوردستان24 ده‌داته‌وه‌

K24 – هەولێر:

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە عێراق کردوویانە بە مەبەستی ئەوەی هێزەکانمان دووبارە جێگیر بکرێنەوە و فیرقەی نوێ بەرپرسیارەتی وەربگرن، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، گۆڕانکارییەکان لە هێزەکانیان رۆتین و ئاسایین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (17ـی ئابی 2023)، فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لەبارەی جووڵەپێکردن بە هێزەکانیان لە عێراق وەڵامی کوردستان24ـی داوە و گوتی: "بۆ ئەوەی هێزەكانمان دووبارە جێگیر بكرێنەوە و فیرقەی نوێ بەرپرسیارێتی وەربگرن ئەو گۆڕانكارییە لەهێزەكانمان لەعێراق كراوە لە رۆژی 15ـی ئەم مانگە".

فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ده‌ڵێت: ئەم ئۆپراسیۆنی گۆڕانكارییە لەهێزەكانمان رۆتین و ئاسایین، لەگەڵ پلانە ئەمنییەكانمان یەك دەگرنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هێز و چەكەكانمان دەنێرینە دەرەوە و عێراق و لەبەرامبەردا فیرقە و چەك و كەرەستەی نوێ دەهێنینە ناو عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم گۆڕانكارییانە پێویستن بۆ پشتیوانیكردنی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا پابەندە بە لەناوبردنی داعش و بەردەوام دەبێت لە پێدانی راوێژ و هاوكاریی و تواناداركردنی هاوپەیمانەكانی.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (USCENTCOM یان CENTCOM) یەکێکە لە یازدە فەرماندەیی شەڕکەری یەکگرتووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە ساڵی 1983 دامەزراوە.