شەقام و کۆڵانەکانی دهۆک قیرتاو دەکرێن

K24 – دهۆک:
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دهۆک دەستیانکردووە بە قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری دهۆک، هاووڵاتییانیش هیواخوازن ئەم پڕۆژانە لە نزیکترین کاتدا تەواوبکرێن، بەڕێوەبەری شارەوانی رۆژئاوای دهۆک رایگەیاند، %85ـی کارەکانی شەقامی 30 مەتری ماسیكێ تەواو بووە و لە نزیکترین کاتیشدا کارەکانی شەقامی 20 مەتری تەواودەبێت.
بەشێک لە هاووڵاتییانی شاری دهۆک بە کوردستان24ـیان راگەیاند، قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکان دەبێتە هۆی خزمەتکردنێکی باش و بەرچاو بە خەڵکی ئەم دەڤەرە، هەروەها دەبنە کار ئاسانی زیاتر بۆ هاووڵاتییانیش.
لەلایەن خۆیەوە، دیار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری شارەوانی رۆژئاوای دهۆک، بۆ کوردستان24، گوتی: %85ـی کارەکانی شەقامی 30 مەتری ماسیکێ تەواوبووە، هەروەها کارەکانی شەقامی 20 مەتریش لە قۆناغی کۆتاییدایە.
گوتیشی: شەقام و کۆڵانەکانی 45 گەڕەکی دهۆک کاری تێدا کراوە، هەروەها پڕۆژەی نوێی وەزارەتمان تەواوکردنی پڕۆژەی ئۆڤەرپاسی شەقامی بارزانە.
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دهۆک دەستیانکردووە بە فراوانکردن و قیرکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری دهۆک، بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان.
رۆژی (15ـی ئابی 2023) عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرجەم پڕۆژەکان لە پارێزگای دهۆک، تەواو دەکرێن.