میسر... موشتومڕی سیاسی لەسەر فڕۆکەکەی زامبیا کە زێڕ و دۆلاری تێدابووە لێکەوتووەتەوە
K24 - هەولێر
ئەو فڕۆکەیەی کە دەسەڵاتدارانی زامبیا بڕێکی زۆر دۆلار و زێڕیان تێدا دۆزییەوە، تاوەکو ئێستا لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە میسر مشتومڕی لەسەرە.
ئاژانسی هەواڵی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری میسری بڵاویکردەوە، کە رایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە تایبەتیەی زامبیا دەستی بەسەرداگرتووە میسری نییە، هەروەها لەژێر چاودێری و هەموو یاسا ئەمنییەکاندا بوون کە لە فڕۆکەخانەی قاهیرەدا جێبەجێ دەکرێن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەزاران پۆست و کۆمێنت و ڤیدیۆ لەو بارەیەوە بڵاوکرانەوە، هاوکات هەوڵدەدرا بۆ بە سیاسیکردنی رووداوەکە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ هەندێک پرسیار لە ئەدای دەسەڵاتدارانی میسر.
رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی زامبیا رایانگەیاند، دەستیان بەسەر فڕۆکەیەکی تایبەتدا گرتووە کەلە فڕۆکەخانەی قاهیرەوە هاتبووە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کینێس کاوندا لە زامبیا، نزیکەی 5.7 ملیۆن دۆلاری کاش و 127 کیلۆ گرام زێڕ و پێنج دەمانچە و و 126 گوللـە دا گیراوە.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی زامبیا، ئەو کۆمپانیایە یاساییە داوای ئازادکردنی ئەو میسریانەی کردووە، کە لە فڕۆکەکەدا گیراون، چونکە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی میسر تۆمەتیان نەخستووەتە پاڵیان، ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەشێک لە لیژنەی دژە ماددە هۆشبەرەکان لە زامبیا نایاساین.
ئەم ئەو نوسینگە یاساییە نوێنەرایەتی پێنج میسری دەکات لە کۆی شەش میسری ناو فڕۆکەکە، لەکاتێکدا تا ئێستا ناسنامەی شەشەم میسری نادیارە، نووسینگەکە ڕایگەیاندووە، ئەو پێنج کەسەی داوای ئازادکردنیان کردووە ئەندامی تیمی فڕۆکەکە نەبوون.
ناسۆن پاندا، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی زامبیا بە یاوەری ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، کاتێک بەرەو ئەو دوو فڕۆکەیە دەڕۆن، لەنێویاندا ئەو فڕۆکەیەی کە تا ئێستا بارە نهێنییەکەی هەڵگرتبوو فڕۆکەوانەکە دەستگیرکراوە.
بەپێی ماڵپەڕی زامبیا ئۆبزەرفر، "ئەم فڕۆکەوانە زانیاری گرنگی لایە کە دەتوانێت دۆسییەکە ئاشکرا بکات،بەتایبەتی کە دەتوانێت ئەو کەسە دەستنیشان بکات کە گەشتە ناوخۆییەکەی حجزکردووە، بۆ گواستنەوەی زێڕ و دۆلار".
لەلایەکی دیکەوە نووسەر و رۆژنامەنووسانی میسری جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەو دۆسیەیە هەڵمەتێکی سیستماتیکییە دژی میسر.