قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران شەش ملیار دۆلارە

هەرێمی کوردستان و ئێران پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان دەدەن

K24 - سلێمانی

هەرێمى کوردستان و ئێران هەوڵى لێک نزیکبوونەوەى زیاتر دەدەن، هەردوولا پەرۆشن بۆ ئەوەى پەرە بە ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوانیان بدەن، دەرفەتى گونجاو دەڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەى بارزگان و وەبەرهێنەرە ئێرانییەکان بێنە هەرێمى کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، گرێبەستى کارى هاوبەش دەکەن و ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەردوولا چەند هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژی شەممە 19/8/2023، کۆڕبەندى ئابوورى و بارزگانى و پیشەسازى لەنێوان هەرێمى کوردستان و ئێران لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بازرگانانى هەردوولا لە رێگەى ئەو کۆنفرانسەوە زیاتر لێک نزیک بوونەوەو دەرفەتى فراوانکردنى کارى هاوبەشى  بازرگانى و گۆڕینەوەى بیروڕاکان زیاتر کرا.

لەوبارەوە مستەفا شێخ عەبدورەحمان، سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "لەگەڵ ماکۆ گرێبەستەمان واژۆ کرد کە چەند بڕگەیەک لە خۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کارى لەسەر بکەین و ئەو کاڵایانەى ئەوان کە پێویستیمان هەیە بیهێنینە هەرێمى کوردستان و لە ئایندەدا بتوانین کاڵاى زیاد بەرهەم بهێنین و هەناردەى ئیرانی بکەین، ئێمە لە هەرێمى کوردستان هەوڵمانداوە کارخانەى ستراتییجى زیاتر دابمەزرێنین و بەرهەمى خۆماڵى خۆمان زیاد بکەین بۆ ناوخۆى هەرێم پاشان بتوانین هەناردەى وڵاتانى بکەین".

بازرگانە ئێرانییەکان لە گرنگى قوڵایی ستراتیژى ئابوورى و وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان تێگەیشتوون، بۆیە دەیانەوێت لە رێگاى بەرژوەندیە ئابوورییەکان هەماهەنگى زیاتر بکەن و بازرگانە کوردەکانیش بانگهێشت دەکەن بۆ وەبەرهێنان لە ئێران.

حوسێن گەڕوسى، بەڕێوەبەرى گشتى ناوچەى ئازادى ماکۆ دەڵێت: "ئەو پلانە بازرگانییانەی ئێمە لە ناوچە ئازادی بازرگانی و پیشەسازیییەکانی وڵاتەکەمان هەمانە، ناوچەی ئازادی ماکۆ نزیکە لە رۆژئاوای ئێران و دەتوانین هەم لە بواری کشتوکاڵی مۆدێرن و هەمیش ئاژەڵداری كار بكه‌ین".

قەبارەی ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران، ساڵانە شەش ملیار دۆلارە هەردوولا پلانیان هەیە کە ئاستى بازرگانى فراوانتر بکەن، جگە لەوە هەرێمى کوردستان ئامانجیەتى ئاسانکارى بۆ وەبەرهێنە ئێرانییەکان بکات تاوەکو وەبەرهێنان بکەن، چونکە ژینگە و سەقامگیرى دوو لەو فاکتەرانەن بۆ وەبەرهێنانى جۆراو جۆر لە هەرێمى کوردستان.