پڕۆژەیاسای حیجاب و عیفاف رەوانەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران كرا

K24 - هەولێر
پڕۆژەیاسای حیجاب و عیفاف دوای ئەوەی تەنیا لەیەك لیژنەی پەرلەمانی ئێران گفتوگۆی لەسەر كرا، رەوانەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور كراوە، بۆ ئەوەی دوای رەزامەندی ئەوان بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەو كاتەی گفتوگۆی لەسەر دەكرا، نارەزایی زۆری ھاووڵاتیان، چاودێران و بەشێك لە پەرلەمانتارانیشی لێكەوتەوە. جەلال مەحمود زادە نوێنەری شاری مەھاباد لە پەرلەمانی ئێران بەتووندی رەخنەی لێ گرت، ئەو داوای كردبوو پرۆژەیاساكە لەھۆڵی پەرلەمان و بەئاشكرا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
موعەیەدین سەعیدی، پەرلەمانتارێكی دیكەی دژبەری ئەو پرۆژەیاسایەش رایگەیاندووە كە تێپەراندنی پرۆژە یاساكە بەبێدەنگی ئەویش تەنیا لە لێژنەیەكی پەرلەمانی گرفتی گەورەی لێدەكەوێتەوە.
بەگوتەی ئەو، سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەو لیژنەیە نایانەوێت خەڵك و نوێنەرانی خەڵك قسە لەسەر پڕۆژەیاساكە بكەن و دەیانەوێت بەپەلە تێیپەرێنن، بەرای ئەو، ئەگەریش ببێتە یاسا، ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.
رەخنەیەكی زۆر لەسەر پڕۆژەیاساكە ھەن، لەوانە سزایی تووند كە تێیدا پێشبینی كراون، دەركردن لەسەركار، سزای مادی زۆر و ھاوكات دادگاییكردن و بگرە زیندانیكردنیش، بەڵام یەكێك لەرەخنە جیدییەكان ئەوەیە كە بەپێی یاسای حیجاب و عیفاف ئەگەری دەركردنی قوتابیانی قوتابخانەكانیش ھەیە.
جەلال مەحمود زادە نوێنەری مەھاباد بەتووندی رەخنەی لەو بڕگەیە گرتووە، ئەو دەلێ قوتابییەكان سەرجەمیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵیەوەییە و مادەی 46ی یاساكە دەلێت، ئەوان دوای سێ جار ئاگاداركردنەوە، دۆسییەكەیان رەوانەی ھێزە ئەمنییەكان و دادگا دەكرێت. لەوێش ئەگەری بەندكردنیان و تەنانەت دەركردنیان لە قوتابخانەش ھەیە.