به‌رپرسانی پاریس له‌باره‌ی ئێمباپێ گه‌شبینن

كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری فه‌ره‌نسی پاریس سانجێرمان
كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری فه‌ره‌نسی پاریس سانجێرمان

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان گەشبینن بە هەڵوێستی کیلیان مباپێی له‌باره‌ی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس، به‌ڵام ده‌رگاشیان له‌به‌رده‌م ریال مه‌درید كردووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی ئۆفه‌رێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن.

ڕۆژنامەی "ئاس"ـی ئیسپانیا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه‌ به‌رپرسانی پاریس سانجێرمان له‌ قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كلیان ئێمباپێ له‌باره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆبوونه‌ته‌وه‌، جۆرێك له‌ لێكـنـزیكبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا روویداوه‌.

ڕۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ بەرپرسانی پاریس جێگای ڕەزامەندی و گه‌شبینی بووە، لەگەڵ نوێنەرانی كلیان ئێمباپێ ڕێککەوتوون لەم هەفتەیەدا دووەم کۆبوونەوە ئەنجام بده‌ن، ڕەنگە ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکەش ئامادەبێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ڕوونیشیکردەوە، گەشبینییەکی گەورە لە پاریس له‌باره‌ی بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ هه‌ست پێده‌كرێت، بەهۆی ئەو خواست و كه‌شه‌ باشەی کە دوێنێ له‌ گفتوگۆکان هه‌بوو، ئەمە جگە لە ڕێککەوتنی نوێنەرانی ئێمباپێ بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئاماژەكان بۆ ئه‌وه‌ن ئەستێرە فەرەنسییەکە بڕیاریداوه‌ گرێبەستەکەی درێژ نەکاتەوە و هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد ڕوو لە ڕیاڵ مەدرید بکات.

ئاس نووسیویه‌تی: سەرەڕای گفتوگۆیه‌كان، بەرپرسانی پاریس پێش داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان چاوەڕێی ئۆفەرێکی ڕیال مەدرید دەکەن، جگه‌ له‌وه‌ش توڕه‌ن و تووشی بێزاری هاتوون به‌هۆی ئه‌و خواسته‌ گه‌وره‌یه‌ی ریال مه‌درید بۆ گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێ هه‌یه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئۆفه‌رێكی فه‌رمی پێشكه‌شی ئه‌و یاریزانه‌ بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ هه‌ڵوێستی ئیدارەی پاریس ڕوونە، ئەوان ده‌رگایان له‌به‌رده‌م یانه‌كان بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ ئێمباپێ كردووه‌ته‌وه‌ و 250 ملیۆن یۆرۆیان بۆ فرۆشتنی ئه‌و یاریزانه‌ داناوه‌.