پڕوپاگەندە و شەڕی دەروونی بەرامبەر هاووڵاتیانی سوودانی دەکرێت

سەربازانی سوپای سوودان
سەربازانی سوپای سوودان

K24 - هەولێر

شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا، چیتر کارێکی تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ کاروباری میدیایی جەماوەری کە لە رێگەی پەیوەندییەوە دەگوازرێتەوە، وەک چۆن خەڵک لە ناوچەکانی پێکدادانەکان یان لە نزیکەوە ئاگاداری شەڕەکەن، هەروەها پشت بەو ئامرازانە نابەستن بۆ ئەوەی پێیان بڵێن چی روودەدات، چونکە ئەوان شایەتحاڵی رووداوەکەن.

هاوڵاتییەکی سوودانی بەناوی یەحیا سادق بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، تا ئێستاش لە خەرتوم لەگەڵ دەنگی تەقینەوە و شەڕەکەدا دەژی، زۆر گرنگی بە کەناڵە هەواڵییەکان نادات، تاوەکوهەواڵی شەڕەکە بزانێت، چونکە ئەوەی دەیبینێت راستییە و وەکو کەناڵەکان درۆ ناکەن و نایڕازێننەوە، دەشڵێت: "کاتێک یەکێک لە لایەنەکانی ململانێکان میوانداری میدیا دەکات، هەوڵدەدات خۆی لەو تاوانە جەنگیانەی کە پێنج مانگە سەری هەڵداوە بێبەری بکات، لایەنی بەرامبەریش ئیدانە دەکات و فشار دەخاتە سەر بەرامبەر، بۆیە ئێمە چیتر متمانە بە کەس ناکەین.

شەڕی خەرتوم هەموو شتێکی لەناوبرد و هیچی بۆ خەڵک نەهێشتەوە، هەمووان ئاواتەخوازن بگەڕێنەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی و چاوەڕێی ئەوەن کە لە رێگەی دانوستانەوە ئاشتی بێتە ئاراوە، هیوادارن دانوستانەکانی جەددە، سەرکەوتوو بێت لە وەستاندنی شەڕەکە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری، مالیک عەقار، لە وتارێکدا گوتی: چارەسەر لەسەر مێزی دانوستان دەبێت، هەروەها گروپەکانی ئیخوان و لایەنگرانی رژێمی پێشوو، کە دەیانەوێت  شەڕ بەردەوام بێت تا سەردەکەون، بەسەر هێزەکانی پشتیوانی خێرادا و فشاری میدیایییان خستە سەر سەرکردایەتی سوپا و هەڵمەتی چڕیان لەدژی داکۆکیکارانی وەستاندنی شەڕ دەستپێکرد، هەروەها تۆمەتباریان کرد بەوەی کە لایەنگری یاخیبووەکانە.

گوتیشی: ژمارەی ئەو کەسانەی لە خەرتومەوە هەڵاتوون بۆ ویلایەتەکانی دیکە بە نزیکەی سێ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، هاوکات ملیۆنێکی دیکەش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لە نێو ژمارەی دانیشتووانی شارەکەدا کە بە 10 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، سەرجەمیان لە زانیاریی دروست لەسەر دۆخی شارەکەیان دابڕاون. چونکە میدیاکانیش هیچیان پێشکەش ناکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، میدیاکان ناتوانن ئەرکی گواستنەوەی زانیاری لە بەرەکانی شەڕەوە، یان لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە بگوازنەوە، ئەگەر دەزگایەکی راگەیاندن زانیاری بگوازێتەوە بەڵام لەبەرژەوەندی یەکێک لە لایەنە شەڕکەرەکان نەبێت، ئەوە رەنگە بکرێتە ئامانج، لەبەر ئەم هۆکارە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن جێگەی میدیایان گرتۆتەوە، واتە خەڵک زانیاری لە سەرچاوەی خۆیانەوە وەردەگرن، کە یەکەمیان سۆشیال میدیایە.

سۆشیال میدیاش بووەتە ئامرازێکی شەڕەکە، بۆیە مرۆڤەکان بوونەتە قوربانی پڕوپاگەندەی جەنگ و شەڕی دەروونی کە هەر لایەنێک لە دژی ئەویتر بەڕێوەی دەبات، کە تیایدا تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ گەیاندنی شکستی دەروونی بەسەر نەیاردا بەکاردەهێنرێت، بۆیە دۆخێکی نادڵنیایی هەمووانی گرتووەتەوە.

 یەکێک لەو هاووڵاتیانە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: "هەموویان درۆ دەکەن و دەڵێن ئێمە بردمانەوە، کەواتە ئێمە ئەوکات باوەڕمان بە کێ هەیە؟".

Fly Erbil Advertisment