وەزیری وزەی تورکیا گەیشتە هەولێر
K24 - هەولێر:
کەمێک پێش ئێستا ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازی لێکرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، وەزیری وزەی تورکیا بەشداری لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات.
گفتوگۆکانی هەولێر و ئەنقەرە لەبارەی پرسە سیاسی، بارزگانی و ئەمنییەکانە، بە تایبەتیش پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
هاتنی وەزیری وزەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیاریشە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە تورکیا لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و پێکەوە دەربارەی هەناردەی نەوت گفتوگۆیان کرد.