فەرەنسا و ئەڵمانیا: مردنی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر گوماناوییە
K24 - هەولێر:
هەریەک لە حکومەتەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا گومانیان لە گیانلەدەستدانی لەناکاوی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر هەیە.
ئانەلینا بێیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبەرانبەر مردنی یەگڤینی پریگۆژین رایگەیاند، ساڵ و نیوێکە کۆشکی کرملن زانیاری و هەواڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە و راستییەکان دەشارێتەوە، لەپڕ مردنی سەرۆکی گروپی ڤاگنەریش گوماناوییە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا، لە رووسیا رووداوەکانی مردن روونکردنەوەیان لەسەر نادرێت ئەوەش نیشانەیە بۆ ئەو سیستمە دیکتاتۆریەی بە توندوتیژی دروستبووە.
لەلایەکی خۆیەوەە، ئۆلیڤییە ڤێران گوتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاند، گومانیان لە دۆخی تێکشکانی فڕۆکەکەی یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر هەیە.
گوتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا راشیگەیاند، پرسی مردنی سەرۆکی ڤاگنەر پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، چونکە ئەو دۆخەی پریگۆژین تێیدا مردووە بەڕاستی جێگەی گومانە.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی کۆمەرسانتی رووسی ئاشکرایکردووە، فڕۆکەکەی یەڤگینی پریگۆژین لەچەند لایەکەوە کونی تێبووە و گومانی ئەوە هەیە مووشەکی ئاڕاستە کرابێت.
دوێنێ چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، فڕۆکەیەکی تایبەت کە دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی تێدابوو، لە باشووری رووسیا کەوتەخوارەوە.
جگە لە پریگۆژین، فەرماندەیەکی ڤاگنەر بەناوی دیمیتری ئوتکین لەنێو فڕۆکەکەدا بووە و ئەویش گیانی لەدەستداوە.