ئایدن مەعروف: تورکیا گرنگی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

ئایدن مه‌عروف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئایدن مه‌عروف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، رایگەیاند، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له‌ ئاستێكی زۆر باشدایه‌ و ئه‌م سه‌ردانەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا‌ زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات.

ئایدن مه‌عروف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان, له‌باره‌ی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ عێراق و هه‌ولێر به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌م سه‌ردانەی هاکان فیدان‌ له‌ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ گرنگن‌، وه‌ك چۆن هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا گرنگه‌، به‌و جۆره‌ش توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لە داهاتووشدا زیاتر بەرەوپێش دەچێت.

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکهاتەکان دەدات، "ئێمەش وەک پێکهاتەکان هەمیشە لەگەڵ ئەوەین پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچێت".

لەبارەی پەکەکە، ئایدن مه‌عروف، گوتی: چەکدارانی پەکەکە هۆکارن بۆ دروستبوونی کێشە لە نێوان تورکیا و عێراق، پێویستە عێراق ئەو پرسە چارەسەر بکات، بوونی پەکەکە مەترسییە لەسەر وڵاتانی دراوسێ و لەسەر هاووڵاتییانی ناوچەکەش.

گوتیشی: پەکەکە دۆخی شنگالی تێکداوە و هۆکارن بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)،  سەرۆک بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا.

لەلایکی دیکەوە، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: "هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێببینین".

لەلایەن خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد،"پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد". 

هاکان فیدان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە و بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا کرد".

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (24ـی ئابی 2023) هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.