فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری سیده‌كان به‌ئامانج ده‌گرێت

K24 - هەولێر:

فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست چوار چه‌كداری په‌كه‌كه‌ به‌ئامانج ده‌گرن و سێیان لێ ده‌كوژن و یه‌كێكیشیان به‌ سه‌ختی بریندار ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 24ـی ئابی 2023) ئیحسان چه‌له‌بی، قایمقامی سیده‌كان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، کاتژمێر (4:45) خولەی ئێوارەی ئەمڕۆ، فرۆکەیەکی بێفڕۆكه‌وانی تورکیا دوو ڕەشماڵی کۆچەرییەکانی لە کوێستانی مێرگەمیر لە دەڤەری برادۆست کرده‌ ئامانج.

قایمقامی سیده‌كان گوتیشی، رەشماڵی کۆچەرییان  هەر یەک لە موخلیس رەشید و ماڵی دایکی بە ناوی زێڕین حاجی حەسەن کە خەڵکی ناوچەکەن بۆردوومان کراوه‌ و زیانی گیانی له‌و خێزانه‌ لێ نەکەوتووه‌تەوە به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كانی بۆردوومانی فڕۆكه‌كه‌دا لەدەرەوەی ڕەشماڵەکانیان بوونه‌ و سەرقاڵی مەڕدۆشین بوونه‌.

بەگوێرەی زانیاریەکانی کوردستان24، چوار چەکداری پەکەکە دوای ئەوەی هەست دەکەن فڕۆکە چاودێرییان دەکات، خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ ژێر رەشماڵەکانی ئەو دوو خێزانە و لەو کاتەدا فڕۆکەی بێفرۆکەوانی تورکیا هەردوو ره‌شەماڵەکەی بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا سێ لە چەکدارەکان کوژراون و یەکێکیشیان بە سەختی بریندار بووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2023، کاتژمێر 4:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا رەشماڵێک لە کوێستانەکانی مێرگەمیری سەر بە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان دەکات و بەهۆیەوە 2 بەرپرسی پەکەکە و 2 کەس لە تیمە پزیشکی و فریاگوزارییەکانی پەکەکە کوژران.

هه‌ر  ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دژەتیرۆری کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2023، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەسەر ڕێگای سنینێ لە قەزای سیدەکانی پارێزگای هەولێر کردووه‌تە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکداری پەکەکە کوژران.