هۆشیار سیوەیلی: سەردانی وەزیرانی دەرەوە و وزەی تورکیا گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان دەردەخات

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بۆ هەردوولا گرنگە و هەردوولا پەرە بە پەیوەندییەکانی دەدەن لە رووی ئابووری، سیاسی . هاوکات دەڵێت: سەقامگیری هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاسایشی تورکیا هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان دەروازەی بازرگانییە بۆ هەموو عێراق.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی دراوسێی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان هاوکات بۆ عێراقیش گرنگە، لە ساڵی 1991ـەوە ئەو پەیوەندییەی نێوانیان دروستبووە بە قۆناغی جیاوازیشدا رۆیشتووە، بەڵام هەمیشە ئەو پەیوەندییانەی نێوانیان بەرەو باشتر رۆیشتووە.

هەروەها راشیگەیاند، حوکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەڕووی ئابووری، ئەمنی و سیاسی پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان ئەمڕۆ جەختیان لەسەر ئەو خاڵە کردەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، سەقامگیری عێراق بە گشتی بۆ تورکیا گرنگە، عێراق ناتوانێت سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت ئەگەر هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبێت، هەروەها لەڕووی ئاسایشەوە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئاسایشی تورکیا زۆر گرنگن.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: سەردانی وەزیرانی دەرەوە و وزەی تورکیا گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان دەردەخات.

لەبارەی پرسی وزە، هۆشیار سیوەیلی، گوتی: هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی باشی وزەیە وەک نەوت و گاز، تورکیا دەتوانێت سودی لێببینێت بۆ پێویستە ئابوورییەکانی خۆی.

لەبارەی خاکی هەرێمی کوردستانەوە لە رووی بازرگانی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان دەروازەی بازرگانییە بۆ هەموو عێراق، لەڕێگەی دەروازەی سنووری هەرێمی کوردستانەوە عێراق دەتوانێت بازرگانی لەگەڵ تورکیا و وڵاتان بکات.

سەبارەت بە پەیوەندی ئاییندەی عێراق و تورکیا، هۆشیار سیوەیلی، رایگەیاند، پەیوەندی ئاییندەی عێراق و تورکیا جگە لە نەوت و گاز ئاو دایدەڕێژێت، پرسی ئاو بۆ عێراق زۆر گرنگە، کلیلی چارەسەری ئاییندەی ئاوی عێراق لەلای تورکیایە.

روونیکردەوە، تورکیا داواکارە عێراق کرێی بۆری نەوتی بۆ زیاد بکات و نەوتیش بە نرخێکی هەرزانتر پێی بدات هاوشیوەی ئوردن و لبنان، عێراق ناچارە ئەو داخوازییانە جێبەجێ بکات و نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکاتەوە، بەهۆی کێشەی کەمئاوی عێراق دەبێت سازش بکات بۆ داواکارییەکانی تورکیا.

لەبارەی پرسی ئەمنی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: هەرێمی کوردستان بەراورد بە باشووری عێراق هەمیشە سەقامگیر بووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە،" کە ناهێڵێت هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ"، بوونی چەکدارەکانی پەکەکە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی تورکیا، بە تایبەت لە ناوچەی شنگال، هاوکات بەرپرسیاریەتییەکە زیاتر لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دەبێت ئەو رێگربێت لە چالاکییەکانی پەکەکە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هۆشیار سیوەیلی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا دەیەوێت لە ئێستادا بە قەبارەیەکی گەورەتر داخیلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، کێشەکانی لەگەڵ میسر، ئیسرائیل و سعوودییە چارەسەر کردووە، تورکیا دەیەوێت بۆ مەبەستی بازرگانی زیاتر خۆی لە عێراق، ئەمەریکا و ئیسرائیل نزیک بکاتەوە و دەیەوێت خۆی لە رووسیا دووربکاتەوە.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوەشکرد، سەردانی داهاتووی ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕوانکراوە، دەبێت پێش هاتنی ئەردۆغان بەشێک لەو کێشانە چارەسەر کرابێت کە لە نێوان عێراق و تورکیا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: "هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێببینین".

لەلایەن خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد،"پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد". 

هاکان فیدان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە و بازرگانی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەردوولا کرد".

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (24ـی ئابی 2023) هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.