ترەمپ: ئەوەی لە دژی من دەکرێت دەستوەردانە لە هەڵبژاردنەکان
K24 - هەولێر:
لەمیانەی خۆ رادەستکردن بە دەسەڵاتدارانی ولایەتی جۆرجیای ئەمەریکا کە بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەوەی دژی دەکرێت دەستوەردانە لە هەڵبژاردنەکان.
ترەمپ راشیگەیاند، ئەوەی دیموکراتەکان دەیکەن خراپ کەڵک وەرگرتنە لە دادگا و دادوەری.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بۆ پشتیوانیکردنی گردبوونەتەوە و گوتی: ئەمڕۆ رۆژێکی خەمگینە بۆ ئەمەریکا، ئەمە نەدەبوو هەرگیز رووبدات، پێویستە ئێوە توانای ئەوەتان هەبێت ئاڵنگاری هەڵبژاردن بکەن.
بە بۆچوونی دۆناڵد ترەمپ هیەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا "دزراوە" دەشڵێت: مافی خۆمە وابیربکەمەوە.
ترەمپ راشیگەیاند، ئەوەی لێرە روودەدات خراپ بەکارهێنانی دادگایە، گوتیشی: ئێمە هیچی هەڵەمان نەکردووە، من هیچی هەڵەم نەکردووە، هەموو کەسیش ئەوە دەزانێت.
بە بڕوای دۆناڵد ترەمپ، ئەوەی ئەوان دەیکەن دەستوەردانە لە هەڵبژاردنەکاندا، کە هەرگیز لەمێژووی وڵاتەکەماندا شتی وا رووینەداوە.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە ئێستا کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا روونیکردەوە، "ئەمە رێگەی ئەوانە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن".
لەلایەکی ترەوە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ دوای نزیکەی دوو ساڵ یەکەم پۆستی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) کرد کە لەماوەی رابردوودا لەژێر فەرمانی ئیدارەی پێشووی ئێکسدا هەژمارەکەی هەڵپەسێردرا بوو.
https://t.co/MlIKklPSJT pic.twitter.com/Mcbf2xozsY
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) August 25, 2023