چەکدارێک لە فلۆریدا سێ کەس دەکوژێت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت
K24 - هەولێر:
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە کۆگایەکی بازرگانی ناوچەی جاکسنۆڤیڵی ویلایەتی فلۆریدا چەکدارێک سێ کەس دەکوژێت و دواتر کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن باسی لەوەشکردووە، سەرجەم ئەو کەسانەی کوژراون رەش پێست بوون و گوماندەکرێت تاوانەکە هۆکاری رەگەزپەرستی لەپشتەوە بووبێت.
لەلایەکی دیکەوە، یەکەی پۆلیسی جاکسنۆڤیڵ ئاماژەی بەوەدا، دوای گەمارۆدانی لەلایەن پۆلیسەوە، تەقەکەرەکە بە گوللـەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، لێکۆڵینەوەشیان لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو سێ کەسەی لەو هێرشە چەکدارییەدا کوژراون، دووانیان پیاون و یەکێکیان ئافرەتە.
بە گوتەی پۆلیسی جاکسنۆڤیڵ، پێش هێرشەکە، باوکی بکوژەکە سەیری کۆمپیوتەری کوڕەکەی کردووە و چەند بابەتێکی بینیووە کە گوتاری رق و کینەیان تێدا بووە، هەربۆیە باوکی پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان فریانەکەوتوون رێگە لە هێرشەکە بگرن.