ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی: بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە، بەڵام بێ ئومێدیش نین
K24 - هەولێر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دووپاتیدەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە، "بەڵام ئەوەی تا ئێستا ئێمە لەم سێ مانگەدا دەیبینین، وەکو پێویست بابەتی مووچە، شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان و ماددەی 140 جێبەجێنەکراوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەب سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پەیوەندییەکانی حزبەکەی و یەکێتی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو کێشانەی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەن، کێشەی گەورە نین و قابیلی چارەسەرکردنن. لە ژیانی سیاسیدا، ئەو هەوراز و نشێوە لە پەیوەندی سیاسیدا هەر هەیە".
پارتی، وەکو ئەوەی پشتیوان سادق ئاماژەی پێ دەدات، بڕوای وایە "یەکریزی و تەبایی کوردستان، زیاتر خزمەتی پڕۆسەی سیاسی و پرسی رەوای گەلی کوردستان دەکات و، بڕوامان وایە مافە دەستوورییەکانمان بە یەکریزی و تەبایی دەستبەردەکرێن".
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، وەکو پارتی پێیانوایە "لە بنەڕەتدا پاشگەزبوونەوەیەک لە جێبەجێکردنی دەستوور (لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە) هەیە و، رۆشنبیری شەراکەت، پێکەوەیی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانیش لاوازە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کۆتایی پێ هاتووە؛ ئێمە وەکو پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوامان بەوە هەیە، بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەربکەین".
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی دهۆکی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەوەی پێویست بوو لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی، ئەنجامیداوە. پێشتر زۆر کەس، بەتایبەت هەندێک کەس لە ناوخۆ دەیانگوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی بەغدا ناکات، بۆیە حکومەتی فیدراڵی پابەند نابێت، ئێستا ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە بە زیادەوە جێبەجێیکردووە".
بە گوتەی پشتیوان سادق، "ناکرێت بابەتی ژیان و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێکەڵاوی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت" و بە پێویستی دەزانێت، "پرسی مووچە راستەوخۆ مانگانە بەبێ کێشە جێبەجێبکرێت". دەشڵێت: "ئەوەی تا ئێستا ئێمە لەم سێ مانگەدا دەیبینین، وەکو پێویست بابەتی مووچە، شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان، ماددەی 140 و چەند بابەتێکی دیکە وەکو پێویست جێبەجێنەکراوە، بەڵام بێ ئومێد نین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: "هەرێمی کوردستان تازە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە. قەوارەیەکە لە هەموو رووەکەوە واقیعێکە، پێویستە بە هەمووشمان زیاتر بیپارێزین".
سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە
رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، رۆژی هەینی 25ـی ئابی 2023، بەیاوەری شاندێکی وەزارەت و کەسانی یاسایی سەردانی بەغدا دەکەن، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باوکی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، سەردانەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
کەمال محەممەد ساڵح باسی لەوەش کردبوو، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە کۆدەبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی ئەو پارێزگایانەش ئامادەدە دەبوون کە بەرهەمهێنەری نەوتن.