نزیکەی 30 بەرپرسی باڵای ئێستای عێراق کێبڕکێ لەسەر کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن
K24 – هەولێر:
نزیکەی 30 کەسایەتی کە ئێستا بەرپرسیاریەتییان هەیە لە حکومەت و پەرلەمانی عێراقدا، لیستیان هەیە و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا کەوا بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە 15 پارێزگا کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی میدیایی بۆ ئەو لیستانەی لەلایەن هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە پێشکەش بە کۆمیسیۆن کراوە، دەرکەوتووە، چوار وەزیر و شەش پارێزگار و 18 پەرلەمانتار، هەروەها سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی و چەند راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی ئەو لیست و هاوپەیمانییانە دەکەن کە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
دیارترین ئەو سەرکردانەش محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە کە بەشداری لە سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی گەورە دەکات و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش، سەرۆکایەتی هاوپەیمانیەتییەک دەکات کە 10 رەوتی جیاوازی لەخۆگرتووە.
هەروەها هەر یەکە لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی، محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کابینەکەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی، هەریەکەیان سەرکردایەتی هاوپنییەک دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
هاوکات شەش پارێزگاریش کە ئێستا لە پۆستەکانیاندان، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش سەرۆکایەتی لیست و هاوپەیمانیەتییەک دەکەن، لەوانەش، ئەسعەد عیدانی لە بەسرە، عەلی فەرحان لە ئەنبار، نەسیف خەتابی لە کەربەلا، محەممەد مەیاحی لە واست، موسەننا تەمیمی لە دیالە و راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک.
هەروەها 18 پەرلەمانتار سەرۆکایەتی ئەو هاوپەیمانییانە یان لایەنەکانی ناو هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە دیارترینیان ئەمانەن؛ عامر فایز، عەبدولرەحیم شەممەری، موسەننا سامەرائی، خالید عوبەیدی، حوسێن عەرەب و باسم خەشان.
هاوکات رەشید عەزاوی، راوێکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکردایەتی بزووتنەوەیەک دەکات کە بەشێکە لە هاوپەیمانییەتی گرێبەستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەییاز.
هەرچەندە بەپێی یاسا بەکارهێنانی پارەی گشتی و سوودوەرگرتن لە پۆستەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران قەدەغەکراوە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات، بوونی ئەو کەسایەتییانە بە مەترسی دەزانن و هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی 2018 و 2021 پێشێلکاری زۆر بکرێت، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی 2018 رەخنە لە حەیدەر عەبادی گیرا، کە فڕۆکەی دەوڵەتی بۆ گواستنەوەی خۆی لەنێوان پارێزگاکان بەکاردەهێنا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن.
لەلایەن خۆیانەوە، ژمارەیەک چالاکوانی سیاسیی بەناوی "گرووپی رەتکردنەوە" لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەژێر کاریگەری پارەی سیاسییدا رەتدەکەنەوە و رایانگەیاندووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دۆخی ئێستادا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لێناکەوێتەوە.
پێشتریش هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەڵقەیەکی زیادەن لە پەیکەری دەوڵەتدا و دەرگایەکی دیکەیە بۆ گەندەڵی".
هاوپەیمانی سەربەخۆکانیش دەنگێکی دیکەی گۆڕەپانی سیاسی عێراقن و داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن تا ئەوکاتەی کێبڕکێی راستەقینە لەنێوان هێز و لایەنە بەشدارەکانی هەڵبژاردن دروست دەبێت و نیگەرانی خۆشیان لە رێژەی کەمی ژمارەی کاندیدان دەربڕیوە.
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی دهنگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 50 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکهاتووە لەلایەن 198 پارتی سیاسییەوە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 296 پارتی سیاسیی مۆڵەت پێدراو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، جگە لە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیەشدا 198 پارتی سیاسی بەشدارن لە پێکهێنانی 50 هاوپەیمانی و 98 پارتی سیاسییش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە 63 پارتی سیاسی دیکەش تاوەکو ئێستا کارەکانی تۆمارکردنیان تەواونەبووە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو هاوپەیمانیەتییانەی لە گشت پارێزگاکان بەشداری دەکەن رایگەیاندووە، هاوپهیمانی ئیتیلافی نیشتمانی، هاوپهیمانی حهسمی نیشتمانی، هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی، هاوپهیمانی سهرۆكایهتی و هاوپهیمانی مهدار (جگەلە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە) لە هەموو پارێزگاکان لیستیان دەبێت.
لەبارەی گەورەترین هاوپەیمانییەکانیش، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەمشێوەیە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمانەن، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (12 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی بەها مەدەنییەکان (10 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەکان (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی تورکمانی عێراق (9 پارتی سیاسی).
ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، زۆرترین هاوپەیمانی لە بەغدایە (18 هاوپهیمانی)، دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار دێت بە (17 هاوپەیمانی) و پارێزگاکانی بەسرە، نەینەوا و کەرکووکیش لە پلەی سێیەم دێن بە (16 هاوپەیمانی) بۆ هەر یەکێکیان.
لە پارێزگای واست (15 هاوپهیمانی) پێکهاتووە و لە بابل، کەربەلا و مووسەننا (14 هاوپەیمانی بۆ هەر یەکێکیان پێکهاتووە و لە زیقار و دیوانییە (13 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەکیان و لە نەجەف و دیالە (11 هاوپهیمانی) بۆ هەر یەکێکیان و لە پارێزگاکانی میسان و سەڵاحەددینیش (10 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەک پێکهاتووە کە کێبڕکێ دەکەن بۆ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.