ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک پشکی کورد لە دامەزراندن کەمدەکاتەوە

K24 – کەرکووک:

ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک، پشکی کورد لە دامەزراندن کەمدەکاتەوە و دەیداتە سنووری قەزای حەویجە، ئەم هەنگاوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی دەرچووانی دانەمەزراوی کورد و خوێندنی کوردی لێدەکەوێتەوە و داوا دەکەن رێگری لەم هەنگاوە بکرێت و یەکسانی لە دامەزراندنەکە پەیڕەو بکرێت.

دوای جێگیرکردنی دامەزراندنی 150 هەزار پلەی دامەرزراندن بە گرێبەست لە یاسای بودجەی گشتی، 7310 هەلی دامەزراندن بۆ پشکی پارێزگای کەرکووک تەرخانکراوە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووکەوە بەشێوەیەکی دادپەروەدانە دابەشنەکراوە و پشکی ناوچە کوردییەکان کەمکراوەتەوە و دراوەتە ناوچە عەرەبنشینەکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، لە پشکی کەرکووک بۆ دامەزراندن، جگە لەسەنتەری شار،  جیاکاری لە نێوان قەزاو ناحییەکان کراوە و ناوچە کوردنشینەکان بەراود بە عەرەبنشینەکان ژمارەیەکی کەمیان بۆ دیاریکراوە، بە جۆرێک شارەدێی قەرەهەنجیر 56 پلە و شوان 53 پلەی دامەزراندنیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام بۆ حەویجە 552 پلە و بۆ شارەدێکانی عەباسی 249 پلە، ریاز 277 پلە، زاب 263 پلە و رەشاد 131 پلەی دامەزراندنیان بۆ تەرخانکراوە.

لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، رۆڵ و پێگەی کورد لە دامودەزگا فەرمییەکان کەمکراونەتەوە و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی پێگەی کورد دەدرێت و جیاوازی و جیاکاریش لە رووی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی پرۆژەکانیش لە نێوان ناوچەکاندا دەکرێت و بەشێوەیەک ئەو گەڕەک و ناوچانەی کوردنشینە، کەمترین خزمەتی پێشکەشکراوە.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق بە پارێزگای کەرکووکیشەوە ئەنجام دەدرێت کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک ئەنجامنەدراوە، ئیدارەی سەپێنداوی کەرکووکیش پرسی دامەزراندن لە ناوچە عەرەبنشینەکان وەک بانگەشەی هەڵبژاردن و راکێشانی دەنگی دانیشتووانەکەی بۆ خۆی بەکاردەهێنێت.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک بەڵام دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هەموو دەسەڵاتەکان لەلایەن پارێزگارێکی سەپێندراوی عەرەبەوە قۆرخکراوە.

بۆ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەمساڵیش، لایەنە کوردییەکان بە دوو هاوپەیمانی و دوو لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن کە لە 15 کورسی پێکهاتووە، ئەوانیش بریتن لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان و  یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکردووە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.