ئەو کەسەی گوتی 'بن لادنم کوشتووە' لە ئەمەریکا دەستگیرکرا
K24 - هەولێر:
ئەو سەربازەی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە گوتبووی "من ئەو کەسەم ئوسامە بن لادنم کوشت" لە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا دەستگیرکرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی نیویۆرک پۆست، رۆبێرت جەی. ئۆ نیل (47 ساڵ) ئەندامی پێشووی یەکەیەکی تایبەتی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ویلایەتی تێکساس دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە دەستدرێژیکردنە سەر کەسێک و سەرخۆشبوون لە شوێنی گشتیدا.
رۆبێرت جەی. ئۆ نیل لە کتێبەکەیدا کە ساڵی 2017 بەناوی ( The Operator) بڵاویکردەوە، باسی لەوەکردووە، ساڵی 2011 لە پاکستان لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا ئوسامە بن لادن، سەرۆک و دامەزرێنەری ئەلقاعیدەی کوشتووە.
ئەو سەربازە ئەمەریکییە بە گوتنی ئەم قسانە، ناوبانگێکی زۆری بۆخۆی پەیدا کرد، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەپێی رێنماییە سەربازییەکان، نابێت هیچ زانیارییەکی ئەرکە نهێنییەکان ئاشکرا بکرێت.
حکومەتی ئەمەریکا تا ئێستا قسەکەی رۆبێرتی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام هاوکارێکی پێشووی، بەناوی (مات بیسۆنێت) قسەکانی رۆبێرتی رەت کردووەتەوە و دەڵێت: سەربازێکی دیکە بن لادنی کوشت.