کات و شوێنی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ

رۆژی پێنجشەممە تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت و باشترین یاریزان و راهێنەری ئەوروپاش دەستنیشان دەکرێت.
کەی و لەکوێ تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت؟
رۆژی پێنجشەممە 31/08/2023 کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت، تیروپشک بۆ قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی 2023/2024 رادەکێشرێت، کە ناسنامەی 32 یانەکە یەکلا بوونەتەوە، پێنج یانەی ئیسپانی مافی بەشداریکردنیان لە خولەکە هەیە، چوار یانەی پێشەوەی لالیگا و سێڤییا پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگ بەشداریی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ دەکەن.
دوای سێ ساڵ جارێکی دیکە رێوڕەسمی تیروپشکەکە لە گریماڵدی فۆروم لە شاری مۆناکۆ لە فەرەنسا رادەکێشرێت، لەکاتێکدا لەم سێ ساڵە لە نیۆن لە سویسڕا تیروپشکەکە رادەکێشرا.
وادەی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ:
گەڕی یەکەم: رۆژانی 19 و 20ـی سێپتێمبەری 2023
گەڕی دووەم: رۆژانی 3 و 4ـی ئۆکتۆبەری 2023
گەڕی سێیەم: رۆژانی 24 و 25ـی ئۆکتۆبەری 2023
گەڕی چوارەم: رۆژانی 7 و 8ـی نۆڤێمبەری 2023
گەڕی پێنجەم: رۆژانی 28 و 29ـی نۆڤێمبەری 2023
گەڕی شەشەم: رۆژانی 12 و 13ـی دیسێمبەری 2023

یانە بەشداربووەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ:
ئینگلتەرا: ئارسێناڵ، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، نیوکاسڵ یونایتد
ئیسپانیا: ئاتلێتیکۆ مەدرید، ریاڵ مەدرید، بارسێلۆنا، ریاڵ سۆسیداد، سێڤییا
ئەڵمانیا: بایرن میونشن، بۆرووسیا دۆرتمۆند، لایپزیگ، یونیەن بەرلین
ئیتاڵیا: ئینتەر میلان، ئەیسی میلان، لازیۆ، ناپۆلی
فەرەنسا: پاریس سانجێرمان، لانس
پۆرتوگاڵ: بێنفیکا، پۆرتۆ
هۆڵەندا: فێینۆرد رۆتێردام
نەمسا: رێدبوڵ سالزبێرگ
سکۆتڵەندا: سێلتیک
سڕبیا: سرڤینا زڤێزدا
ئۆکراینا: شاختار دۆنێتسک
چیدیکە روودەدات؟
لە رێوڕەسمەکەدا جگە لەوەی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت، خەڵاتی باشترین یاریزان و باشترین راهێنەری ئەوروپا لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان بۆ وەرزی 2022/2023 دابەش دەکرێت، هەروەها خەڵاتی ئالێکساندەر سێفرین سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەدرێت.
هەریەکە لە لیۆنێل مێسی یاریزانی ئارجێنتینی یانەی ئینتەر مەیامی، کێڤن دێ برۆین یاریزانی بەلجیکی یانەی مانچێستەر سیتی و ئێرلینگ هالاند یاریزانی نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتی کێبڕکێ لەسەر خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی ئەوروپا دەکەن.

لەسەر ئاستی راهێنەرانیش، هەریەکە لە پیپ گواردیۆلا راهێنەری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی، سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئیتاڵی یانەی ئینتەر میلان و لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەری ناپۆلی بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین راهێنەری وەرزی رابردووی ئەوروپا.
