بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: بەغدا بەربەست بۆ خوێندنی کوردی درووست دەکات
K24 - هەولێر:
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەغدا بەردەوام بەربەست بۆ خوێندنی کوردی درووست دەکات.
شێرزاد رەشید بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، بەغدا بەردەوام لەرێگەی نۆژەن نەکردنەوەی قوتابخانەکان و دابین نەکردنی پێداویستییەکانیانەوە بەربەستی بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک دروستکردووە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەخاوەنی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەزانێت و مانگانە شایستە داراییەکانیان کە نزیکەی شەش ملیار و سێ سەد ملیۆن دینارە دابیندەکات و مووچەی هەزار و 40 مامۆستای وانەبێژیش لە خوێندنی کوردی دابەش دەکات.
جگە لە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئیدارەی شارەکە پشکی کورد لە دامەزراندن کەمدەکاتەوە و دەرچووانی دانەمەزراوی کوردیش دژی بڕیارەکە ناڕەزایەتیان دەربڕی.
ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک پشکی کورد لە دامەزراندن کەمدەکاتەوە و دەیداتە سنووری شارۆچكەی حەویجە، ئەم هەنگاوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی دەرچووانی دانەمەزراوی کورد و خوێندنی کوردی لێدەکەوێتەوە و داوا دەکەن رێگری لەم هەنگاوە بکرێت و یەکسانی لە دامەزراندنەکە پەیڕەو بکرێت.
حکومەتی عێراق 150 هەزار پلەی دامەزراندنی بەشێوەی گرێبەست بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق راگەیاندووە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری ئامادەیی لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەو ژمارەیە 7310 پلە بۆ کەرکووک تەرخانکراوە، جگە لە سەنتەری شار، جیاکاری لە نێوان قەزا و ناحییەکان کراوە و ناوچە کوردنشینەکان بە بەراود بە عەرەبنشینەکان ژمارەیەکی کەمیان بۆ دیاریکراوە بەجۆرێک شارەدێێ قەرەهەنجیر 56 پلە و شوان 53 پلە، بەڵام بۆ حەویجە 552 پلە و شارەدێکانی عەباسی 249 پلە، ریاز 277 پلە، زاب 263 پلە و رەشاد 131 پلەیان بۆ تەرخانکراوە.