ڕیال مەدرید پلانێکی جیاوازی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێ داڕشتووه‌

فلۆرێنتینۆ پێرێز و كلیان ئێمباپێ
فلۆرێنتینۆ پێرێز و كلیان ئێمباپێ

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی فەرەنسا، ڕیال مەدرید پلانێکی نوێی داڕشتووە بۆ ئەوەی کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بگوازێته‌وه‌.

گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، ئێمباپێ كارگێری یانەکەی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نایه‌وێت گرێبه‌سته‌كه‌ی چیتر درێژ بكاته‌وه‌ و له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ یانه‌كه‌ی جێده‌هێڵێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "فوت مێرکاتۆ"ـی فەرەنسی، یانەی ڕیال مەدرید پاشەکشەی کردووە لە بیرۆکەی گواستنەوەی ئێمباپێ لەم هاوینەدا، بەڵام ره‌نگه‌ زووتر له‌و واده‌یه‌ بیگوازێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ نووسیویه‌تی: ڕیال مەدرید پلانێکی نوێی داڕشتووە بۆ ئەوەی ئێمباپێ بگوازێته‌وه‌، فلۆرێنتینۆ پێرێز بیرۆكه‌ی گۆڕاوه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، واته‌ دوای 4 مانگی دیكه هێرشبه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌‌ بیگوازێته‌وه‌.

ماڵپەڕی "فوت مێرکاتۆ"ـی فەرەنسی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ ریال مه‌درید هیچ کێشەیەکی نییە بۆ ئەوەی لە سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، پێش شه‌ش مانگ له‌ كۆتایی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس، ئێمباپێ بگوازێته‌وه‌.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئه‌وه‌ش کراوە کە سەرکەوتنی ئەم پلانەی ریال مه‌درید په‌یوه‌سته‌ به‌ دانیشتن و گفتوگۆیه‌كانی نێوان ئێمباپێ و ئیدارەی پاریس سانجێرمان لە ماوەی داهاتوودا.