شێروان دووبەردانی: هیچ خاڵێکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکراوە
K24 - هەولێر
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ خاڵێکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکراوە و بەغدا نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن.
لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، شێروان دووبەردانی رایگەیاند: "ئەو کەسانەی لە کەرکووک دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی هاتوونەتە سەر شەقامەکان، ئەندامی هەندێک لایەنی سیاسی و هێزە ئەمنییەکانن بە جل و بەرگی مەدەنی هاتوون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەندێک لایەنی سیاسی دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک".
گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لەگەڵ خەڵکی کەرکووک بووە، ئومێد دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەڕێینەوە کەرکووک بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵکی کەرکووک بکەین".
سەبارەت بە ماددەی 140، شێروان دووبەردانی گوتی: "لەم ماوەیەدا چەند کۆبوونەوەیەکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 کراوە و چەند بڕیارێکیان داوە، یەکێک لە بڕیارەکان قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانە کە چەندین ساڵە راگیراوە، بەڵام دەبێ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان زیاتر بەدواداچوون و چاودێری بکەن".