لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆسەر فڕۆکەخانەیەکی رووسیا چوار فڕۆکە زیانیان بەرکەوت
K24 - هەولێر:
ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بۆسەر فڕۆکەخانەی بێسکۆڤی رۆژئاوای رووسیا چوار فڕۆکە زیانیان پێگەیشتووە.
ئاژانسی تاس باسی لەوەشکردووە، بەهۆی هێرشەکەوە فڕۆکەخانەی بیسکۆڤ کە نزیکە لە سنوورەکانی ئیستۆنیاوە سەرجەم گەشتەکانی خۆی راگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە میخائیل فیدرینیکۆڤ سەرۆکی شارەوانی شاری بیسکۆڤ ئاشکرایکرد، سوپای رووسیا کار لەسەر جێگریکردنی سیستەمی دژەی درۆن لەناوچەکە دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێش سێ رۆژ بەهۆی مەترسی هێرشکردنەسەریان سێ فڕۆکەخانەی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا گەشتەکانیان راگرت، ئەمڕۆش یەکێک لەو فڕۆکەخانە گەشتەکانی راگرت.
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30/8/2023 رووسیا بە بەکارهێنانی 20 درۆن و چەندین مووشەک هێرشی کردووەتە سەر شارەکە.
لە راگەیەندراوی ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرینەی درۆن و مووشەکە رووسیەکانیان تێکشکاندووە و داواشیان لە هاووڵاتییانی شارەکە کردووە لە ماڵ و شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە.