ماڕادۆنایه‌كه‌ی ئوروگوای خۆی كوشت

ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئوروگوای
ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئوروگوای

یه‌كێك له‌ ناسراوترین ئه‌ستێره‌كانی ئه‌مریكای باشوور كه‌ به‌ ماڕادۆنای ئۆروگوای ناسرا بوو، به‌هۆی هه‌ژاری له‌ رووداوێكی جه‌رگبر به‌ گولـله‌یه‌ك كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا.

ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی نازناوه‌كانی له‌ كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور برده‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 71 ساڵی دا كۆتایی به‌ ژیانی خۆیدا هێنا،  فیشه‌كێكی له‌ سه‌ری خۆیدا و ماڵئاوایی له‌ ژیان دا كرد، به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ رێژه‌ی خوكوشتن له‌ وڵاتی ئوروگوای گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغێكی ترسناك و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كاری خوكووژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ ره‌گه‌زی پیاوه‌كانن.

ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ پێشتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی ناسیۆناڵ مۆنتیڤیدیۆی ئوروگوایی جامی لیبه‌رتادۆریسی بردووه‌ته‌وه‌، لە 113 یاریدا 58 گۆڵی بۆ یانەی ناسیۆناڵ كردووه‌.

ڤیکتۆرینۆ هه‌میشه‌ به‌وه‌ ناسرابوو له‌ كاته‌ سه‌خت و زێرینه‌كان گۆڵی سه‌ركه‌وتنی تۆمار ده‌كرد، زۆرجاریش به‌ گۆڵی ئه‌م یاریزانه‌ نازناوه‌كانیان مسۆگه‌ر ده‌كرد، نازناوی خولی ئوروگوای برده‌وه‌، له‌ ساڵی 1980 جامی پاڵه‌وانه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌مریكای باشوور به‌ده‌ستهێناوه‌.

لە دەرەوەی ئۆروگوای، ڤیکتۆرینۆ یاریی بۆ ریڤه‌رپله‌یتی ئارجێنتینا كردووه‌، یاری بۆ دیپۆرتیڤۆ کالی کۆلۆمبیا، کالیاری ئیتاڵیا، نیوێڵز ئۆڵد بۆیز ئارجێنتینا، هه‌روه‌ها له‌ خوله‌كانی ئه‌مریكا، پیرۆ و ئیكوادۆریش یاریی كردووه‌، له‌ ساڵی 1989 به‌ فه‌رمی وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند.

ڤیكتۆرینۆ له‌ دوای وازهێنانی له‌ یاریكردن، به‌ دۆخێكی سه‌ختی دارایی تێده‌په‌ڕێت و ده‌چێته‌ نیو لیستی ئه‌و كه‌س و یاریزانانه‌ی كه‌ له‌ ئۆروگوای خۆیان كووشتوه‌.

پێشتریش ماکسیمیلیانۆ کاسترۆ کە تا ساڵی 2008 بە شێوەیەکی پیشەگەرانە یاری دەکرد، به‌ڵام لە مانگی ئابی 2021 لە تەمەنی 46 ساڵیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، هه‌موو گومانه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوون كه‌ كاره‌كه‌ خوكووژی بووه‌.

جگه‌ له‌وه‌ش دوو یاریزانی دیكه‌ش  له‌ ئوروگوای خۆیان كووشتوه‌، دیارترینیان ویلیامز مارتینێزی بەرگریکاری تەمەن 38 ساڵ لە یانەی ڤیلا تێرێزا لە خولی پلە دووی ئورووگوای یاریی ده‌كرد، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیران تووشی نەخۆشی Covid-19 بوو، به‌ڵام تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی هات و كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا، مارتینێز پێشتر یاری بۆ یانەکانی وێست برۆمیچ ئەلبیونی ئینگلیزی و ڕیمسی فەرەنسی کردبوو.

کەمتر لە هەفتەیەک دوای مردنی مارتینێز، ئیمیلیانۆ کابرێرا تەمەنی 27 ساڵ خۆی کوشت، ئه‌م یاریزانه‌ لە خولەكانی ئوروگوای یاریی كردووه‌، لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەدا، سانتیاگۆ "مۆرۆ گارسیا" له‌ خولی پله‌یه‌كی ئارجێنتینا یاریی بۆ گۆدۆی کروز دەکرد خوی كوشت لەکاتێکدا دانوستانەکان سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەردەوام بوون.

بەپێی ئاماری بەرپرسانی تەندروستی ئوروگوای، 80%ـی ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن پیاون، بەڵام ژنان زۆربەی هەوڵەکانی خۆکوشتن پێکدەهێنن.

ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ یاریزانی كۆچكردووی پێشووی ئوروگوای
ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ یاریزانی كۆچكردووی پێشووی ئوروگوای
ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ یاریزانی كۆچكردووی ئوروگوای
ڤاڵدیمار ڤیتۆرینۆ یاریزانی كۆچكردووی ئوروگوای