وەزیری بەرگری بەریتانیا دەستی لەکارکێشایەوە
K24 - هەولێر:
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەسەر زاری نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە بڵاویکردەوە، بێن واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا بەفەرمی دەستی لەکارکێشایەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویشیکردەوە، لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیەدا بۆ نوسینگەی ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بێن وەڵاس وەزیری بەرگری باسی لەوەشکردووە، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی داوە و مایەی شانازیی بووە بۆی کە هاوشانی چەندان کەسی ئازا خزمەتی ئاسایشی بەریتانیای کردووە، ئێستاش چاوی لەوەیە هەلی نوێ لە ژیانیدا تاقی بکاتەوە.
بێن واڵاس لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، هەمیشە پشتیوانی سەرکەوتنی حکومەتەکەی ریشی سووناک دەکات.
دوا بەدوای دەستلەکارکێشانەوەکەشی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، گرانت شاپس وەزیری وزەی بەریتانیا لە جێگەی بێن واڵاس وەک وەزیری بەرگری بەریتانیا دەست بەکاردەبێت.
بێن واڵاس لەساڵی 2005 وە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیایە و لەساڵی 2019 وە وەک وەزیری بەرگری بەریتانیا دەستنیشانکراوە.