وەزارەتی بەرگری رووسیا: لە سنووری زاپۆریژیا چوار هێرشی ئۆکرانیامان تێکشکاندووە
K24 - هەولێر:
لە راگەیەندراوێکدا لە تێلیگرام، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 25 درۆنی ئۆکرانییان خستووەتەخوارەوە و مووشەکێکی جۆر هایمارسی ئەمەریکیشییان تێکشکاندووە، 115 سەربازی ئۆکرانیش لە سنووری دۆنێتسک کوژران و برینداربوون.
جەختی لەوەشکردووە، هەر جۆرە مووشەکێک لەلایەن ئەمەریکاوە رەوانەی ئۆکرانیا بکرێت تێکی دەشکێنن، هەروەکو چۆن لە ماوەکانی پێشوودا مووشەکە بەریتانی و فەڕەنسییەکانیان تێکشکاندووە.
لەبەرانبەردا، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22 درۆنی جۆری شاهیدی ئێرانیان تێکشکاندووە کە لەلایەن رووسیاوە بۆ هێرشکردنەسەر بەندەری ئۆدێسا نێردرابوون.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەبارەت بە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا گوتی: هەموو کەس لە ئۆکرانیا بە باشترین شێوە شەڕ دەکەن و هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابینەوە سەرجەم ئەو گوند و شارانەی هێشتا لەژێر داگیرکاری رووسیادان ئازاد دەکرێن و ژیانی ئاسایییان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
زێلێنسکی راشیگەیاند: رووسیا روو لە هەرکوێ بکات جگە لەوێرانکاری هیچی دیکە لەگەڵ خۆی ناهێنێت، بەڵام ئێمە چاومان لە ئازادکردن و پێشخستنی شارەکانمانە.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.