دادگای فیدراڵی لەدژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک لە رۆژێکدا سکاڵای وەرگرت و بڕیاریدا

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 – هەولێر:

دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ چۆڵکردنی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک راگرت، ئەمەش دوای ئەوەی هەر ئەمڕۆ سکاڵایەک بۆ ئەو مەبەستە لە دادگاکە تۆمارکرا.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق لە نوێترین بڕیاریدا رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان راگرت و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، جیاواز لە هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک دەیگرێتەبەر، بۆ ئەو سکاڵایەی دژی گەڕانەوەی پارتییە بۆ کەرکووک، لە رۆژێکدا سکاڵاکەی وەرگرتووە و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و بڕیاریشی بۆ دەرکردووە.

سکاڵاکەش لەلایەن وەسفی عاسی، سەرۆکی هۆزی عوبێد، کە لە دایکبووی شاری بەغدایە و ئێستا نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری عەرەبەکانی باشووری کەرکووک دەکات لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە.

ئەمە لە کاتێكدایە 25ـی مانگی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردبوو لە (1ـی ئەیلوولی 2023) بارەگاکە چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دێت کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.

دوای فەرمانەکەی سوودانیش بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.