وەزارەتی کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو رووداوەی شەوی رابردووی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کاتژمێر 11:03ـی شەو پاڵەپەستۆی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە سەرووی 600 ملیۆن پێ سێجا بۆ سفر دابەزی.
ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە، بە جۆرێک بەرهەمهێنان لە سەرووی 3,700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1,000 مێگاوات دابەزیوە. بەمەش زیاتر لە 2,500 بۆ 2,700 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەدەستدراوە.
تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی گاز بۆ وێستگەکان نییە. بەهۆی ئەم کێشەیەشەوە پێشبینی دەکرێت رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 5 بۆ 6 کاتژمێر لە شەو و رۆژێکدا کەم ببێتەوە، کە رێکخستنەوەی ئەو ماوەیەش بەپێی پارێزگا و ناوچەکان دەبێت.
تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای وەزارەت بەدرێژایی شەو سەرقاڵی بەڕێوەبردنی دۆخەکە بوون تا هیچ پەککەوتنێکی گشتی روونەدات کە زیان بە ژێرخانی کارەبا بگەیەنێت. لە کاتی گەڕانەوەی گازیشدا، دۆخی وێستگەکانی کارەبا قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەکرێتەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ.
هاوکات هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو هێرشەوە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکەدا بە تەواوی راگیرا، بەڵام خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.