فوئاد حسێن: پێشکەوتنی گەورە لە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکدا بەدەستهاتووە
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ دووبارە رێکخستنەوەی هاوسەنگییەکان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی دەکات لە رێگەی دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها کۆنترۆڵکردنی چەک و خستنەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، و هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی هەناردەکردنی وزە، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی لە ئەنجامی گرژییەکانی ناوچەکەوە پێیگەیشتووە.
دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە باسی لە چەندین دۆسیەی هەستیار کرد، لەوانە پەیوەندییە هەرێمییەکان، فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا، و وردەکاریی گفتوگۆ ناوخۆییەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا.
ئاو بەرامبەر نەوت لەگەڵ تورکیا
وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران بۆ تورکیا بووە هۆی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی روون بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوت و وزە. رێککەوتنەکە ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمپانیاکان یان حکوومەتی تورکیا پڕۆژەی ئاوی لە ناو عێراقدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی بەڕێوە ببن، لە بەرامبەردا بەردەوامبوون لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراقی-تورکییەوە کە ئاستی هەناردەکردنی بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو لە 20 بۆ 30 هەزار بەرمیلەوە بەرز بووەوە تا گەیشتە 260 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیاش جەختی لەوە کردەوە، پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە بنەڕەتدا کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە، هاوکات پشتیوانیی بەغدای بۆ دەستپێشخەرییە سیاسی و دانوستانەکانی ئەنقەرە راگەیاند، گوتی، ئەم دۆسیەیە رادەستی پەرلەمان کراوە بە مەبەستی لێخۆشبوون لە چەکدارەکان، هیوای خواست کە ئەوە ببێتە هۆی دانانی چەک و کشانەوەی چەکدارەکان لە خاکی عێراق.
دۆسیەی زیندانییەکانی داعش لە سووریا
لە بارەی دۆسەیەی سووریا، فوئاد حسێن دووپاتیکردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق، باش و نایابە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێ کاریگەریی دەرەکی بەڕێوە دەچێت. هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق هەواڵی بوونی هێزی سەربازیی لەسەر سنوور بە توندی رەت کردەوە و جەختی کردەوە، ئامانجی رێکارەکان تەنیا کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنوورە بۆ رێگریکردن لە جولەی چەکدارانی داعش و تۆڕەکانی قاچاخچییەتیی ماددە هۆشبەرەکان.
فوئاد حوسێن ئاشکرایکرد، هەماهەنگی و لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنی سووری لەبارەی دۆسیەی زیندانییەکانەوە هەیە، و روونی کردەوە عێراق نزیکەی 168 بۆ 180 سزادراوی سووری لە ئەندامانی قاعدە و داعش لە لای خۆی هێشتووەتەوە، جگە وەرگرتنی نزیکەی 6 هەزار دەستگیرکراوی تری داعش کە لە زیندانەکانی حەسەکە و دەوروبەری گواستراونەتەوە، کە نزیکەی نیوەیان سوورین.
زیان و کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز
فوئاد حسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر تێچووی ئابووریی زەبەلاحی ململانێ هەرێمییەکان، و رایگەیاند، پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و ترس و دڵەڕاوکێی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بیمە لە چوونە ناو بەندەری بەسرە لە چوار مانگی یەکەمی جەنگدا، زیانی نزیکەی 60 ملیار دۆلاری لە عێراق دا.
هاوکات روونی کردەوە، هەناردەکردنی نەوت لە تێکڕای ئاسایی خۆی 3.3 بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە هەندێک کاتەکاندا دابەزی بۆ سفر، پێش ئەوەی چارەسەری جێگرەوە لە رێگەی تەنکەر و بۆریی تورکییەوە پەیڕەو بکرێت، و پاشان دووبارە دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت لە رێگەی دەرچەی دەریایی نزیک عومانەوە بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن و تاران.
هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی وزە
وەزیری دەرەوە رایگەیاند، ئەم شۆکە ئابوورییە حکوومەتی ناچار کرد ستراتیژیی هەمەجۆرکردنی هەناردەکردنی نەوت و سەرچاوەکانی وزە پەیڕەو بکات، و ئاشکرای کرد دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکانی نەوت لە رێگەی ئوردن و سووریاوە دەستیپێکردووە بۆ رزگاربوون لە پشتبەستن بە تەنیا دەرچەی باشوور.
هەروەها روونی کردەوە، عێراق هەنگاوی پێشکەوتووی بڕیوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردە لە رێگەی لێکتێگەیشتن بۆ بەستنەوەی کارەبا بە سیستمی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی کوەیتەوە، لەگەڵ هێڵەکانی بەستنەوە لەگەڵ ئوردن و تورکیاشدا.
دانوستانەکانی تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و داماڵینی چەک
لە ئاستی ئاسایشی ناوخۆدا، فوئاد حسێن راگەیاند، سەرۆکوەزیران گفتوگۆی چڕوپڕ بەڕێوە دەبات بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک بە شێوەیەکی ئاشتییانە، و توانیویەتی بگاتە لێکتێگەیشتنێکی ئەرێنی لەگەڵ 4 گرووپی چەکداردا، لەوانە (عەسائیب ئەهل حەق ) و (کەتایبی سەید شوهەدا )، بۆ ررازیکردنیان بە دانانی چەکەکانیان و تێکەڵکردنەوەیان بە هێزەکانی عێراق، وەکوو حەشدی شەعبی، هاوکات بەشدارییکردنیان لە پرۆسەی سیاسی، لە کاتێکدا دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن لەگەڵ دوو گرووپدا کە ئەوانیش (کەتایبی حزبوڵڵا ) و (بزووتنەوەی نوجەبا )ـن.
فوئاد حسێن جەختی لە هەڵوێستی دەستووریی توند کردەوە کە رەتیدەکاتەوە خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت، و دووپاتی کردەوە لێکۆڵینەوەکان لەو پەلامارانەی کراونەتە سەر سعوودیە لە ناوچە سنوورییەکانەوە بەردەوامن، و بە تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە کۆمەڵبوونی گرووپەکان دەکەن بەرەو کووەیت، و ئەو راپۆرتانەی بە هەواڵی درۆ و بێبنەما وەسف کرد.
فشارەکانی واشنتن و بازرگانی لەگەڵ تاران
سەبارەت بە سزاکان، فوئاد حسێن ئاشکرایکرد، گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی داوای داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران کردووە ، تەنیا هێشتنەوەی دوو دەروازەی سنووریی نەبێت کە یەکێکیان لە هەرێمی کوردستان و ئەوی تر لە ناوچەکانی تری وڵاتەکەدا هەن.
هەروەها جەختی کردەوە، بەغدا لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ واشنتن بۆ پاراستنی ئابوورییەکەی، بەهۆی سەختیی جێبەجێکردنی داواکارییەکە و کاریگەرییە راستەقینەکەی لەسەر جووڵەی بازرگانیی دووقۆڵی کە ساڵانە نێوان 15 بۆ 18 ملیار دۆلارە کە نزیکەی 4 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی گازە.
وەبەرهێنان و نێوەندگیریی دپلۆماسی
فوئاد حسێن هۆکاری خاوی وێستگەکانی وەبەرهێنانی لە بەغدا بەراورد بە هەرێمی کوردستان بۆ دەسەڵاتی کەرتی گشتی و یاسا ناوەندییە کۆنەکان گەڕاندەوە کە لە سەردەمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشدا دەرچوون و دژن لەگەڵ دەستووری لیبرالی کە هاندەری کەرتی تایبەتە. لە هەمان کاتدا جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارەکان کردەوە بۆ سندوقێک کە لە ژێر چاودێریی وەزارەتی دارایی دایە.
وەزیری دەرەوە کۆتایی بە قسەکانی هێنا بە ئاماژەکردن بۆ رۆڵی سەرەکیی دیپلۆماسیی عێراق بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە هاوسەنگەکانی و سەرۆکایەتیکردنی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، و ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی کۆنفرانسی بەغدا کرد لە کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان و پێنج خولی گفتوگۆی نێوان ریاز و تاران کە لە بەغدا بەڕێوە چوون. لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە عێراق شایستەی ئەوەیە رۆڵی سەرەکی لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکەدا بگێڕێت ئەگەر چالاکییە سەربازییەکان رابوەستن.