راگرتنی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگای پارتی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

K24 – هەولێر:

دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی کەرکووک  دادگای فیدڕاڵی بە پێچەوانەی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک کرد، چاودێرانی سیاسی و ئەمنی به‌جۆرێك خوێندنەوە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەن، دەڵێن كه‌وا بڕیارەکە سیاسییە نەک دەستووریی و یاسایی.

سامان سۆرانی، چاودێری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، هیچ گرفتێکی دەستووری و یاسایی نییە بەرامبەر بە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک، لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سیستەمی سیاسی نوێ لە عێراق.

هاوکات راشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان دێرینترین حزبە لە عێراق، ئەگەر بشگەڕێتەوە بۆ کەرکووک دەبێتە گەورەترین پارت لەو پارێزگایە، بۆیە هەوڵدەدرێت رێگری لەوە بکرێت کە گەڕانەوەی بۆ کەرکووک دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکان بێت.

لەلایەن خۆیەوە، محەمەد سابیر، شارەزای ئەمنی بە کوردستان24ـی گوت، دەیانەوێت کەرکووک بکەنە شارێکی سەربازگە، لەبەر ئەوەی جۆرەها سەربازگە و جۆرەها گرووپی چەکداری تێدایە، بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەمن و ئاسایش لە کەرکووک بەرقەرار بێت و نەهێڵن پێکەوەژیان لەو شارەدا بوونی هەبێت.

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەیان ئەنجامدا و داوای كردنه‌وه‌ی رێگەی کەرکووک-هەولێریان كرد، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکان بە تەقە وەڵامدرانەوە و چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر) شەهیدکران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگە لە دەستگیرکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان ده‌ستگیركران.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.

پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.