فەرەنسا ئامادەکاریی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە نەیجەر دەکات
K24 - هەولێر:
ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتداری نەیجەر بڵاویکردەوە، فەرەنسا بەشێک لە هێزەکانی لە وڵاتانی دراوسێی نەیجەر جێگیرکردووە و ئامادەکاری بۆ دەستوەردانی سەربازی دەکات.
ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر ئاشکرایکرد، فەرەنسا بە هاوبەشی وڵاتانی ئیکۆواس کار لەسەر دەستوەردانی سەربازی لە نەیجەر دەکەن و پلانیان بۆ داناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای کودەتاکەی کۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە پەیوەندییەکانی فەرەنسا و نەیجەر بەرەو ئاڵۆزی رۆشتوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر وادەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لە خاکەکەی دا و فەرەنساش داواکەی رەتکردەوە.
ئەنجوومەنی سەربازی کە لەلایەن ژەنەڕاڵ عەبدولرەحمان تیانییەوە سەرکردایەتی دەکرێت مانگی رابردوو، هەڕەشەی لە باڵیۆزی فەرەنسا کرد، ئەگەر وڵاتەکە جێنەهێڵن، هێز لە دژیان بەکار دەهێندرێت، بەڵام تا ئێستا فەرەنسا، کە هەزار و 500 سەربازی لە وڵاتەکە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە جیهادییەکان، جێگیرکردووە، رەتیکردووەتەوە وڵاتەکە جێبهێڵێت، جگە لەوەی کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ناسراو بە ئێکواس کە لە 15 وڵات پێکدێت، سزای بەسەر نەیجەر سەپاندووە، هەروەها هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی لایەنی کودەتاکە کردووە ئەگەر رێگە نەدرێت محەممەد بازوم سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.