ئیسرائیل: دوای بومەلەرزەکەی مەغریب پەیوەندیمان لەگەڵ 56 هاووڵاتیدا نەماوە

بومەلەرزەکەی مەغریب
بومەلەرزەکەی مەغریب

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ 56 ئیسرائیلی بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەغریب راگەیاند، کە 468 هاووڵاتی وڵاتەکەی لە مەغریب نیشتەجێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، تیمێکی وەزارەتمان، لەیەکەم کاتژمێرەکانی روودانی بوومەلەرزەکەی مەغریب، بەدواداچوونیان بۆ ونبوونی ئەو هاووڵاتیانەمان کرد کە نیشتەجێی مەغریبن، جا لە رێگەی خیزانەکانیانەوە بوبێت یان لە رێگەی حکومەتی مەغریبەوە.

دەشلێت: لەکۆی 468 ئیسرائیلی دانیشتووی مەغریب، پەیوەندیمان لەگەڵ 56 کەسیان نەماوە بەهۆی رووداوی بومەلەرزەکەی ئەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ راپۆرتێکیان پێنەگەیشتووە ئیسرائیلییەکان لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا برینداربوون یان گیانیان لەدەستدابێت، جەختیکردەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە تیمێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بەرەو ڕەبات بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی هاوکاری هاوڵاتیانیان بکەن بۆ گەڕانەوەی بۆ وڵات.

راپۆرتە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل لەو ناوچانە بوون کە بوومەلەرزەکەی تێدا روویداوە، هەروەها پاسەکانی کۆمپانیاکانی بیمە و هێزەکانی فریاگوزاری مەغریب ئیسرائیلییەکان دەگوازنەوە بۆ کازابلانکا و لەوێشەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وەزارەت و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە کە هاوکاری پێشکەش بە مەغریب بکەن و خۆیان بۆ ناردنی تیمێکی فریاگوزاری بۆ ناوچەی بوومەلەرزەکە ئامادە بکەن.

دوێنێ شەممە 9/9/2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر چەند ناوچەیەکی وڵاتی مەغریبی هەژاند،  وەزارەتی ناوخۆی مەغریب بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی هەرێمەکانی ئەلحۆز و مەراکیشەوە، گەیشتووەتە دووهەزار و 12 کەس، کە لەو ژمارەیەک زیاتر لە هەزار و 400 کەسیان لە هەرێمی ئەلحۆز بوون.

Fly Erbil Advertisment