کریستیان بیسری: بەرەوپێشچوون لە هەرێمی کوردستان هەیە

کریستیان بیسری، میدیاکاری ناسراوی عەرەبی
کریستیان بیسری، میدیاکاری ناسراوی عەرەبی

K24 – هەولێر:

میدیاکارێکی ناسراوی عەرەبی رایدەگەیەنێت، بەرەوپێشچوون لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەوانیش لە کەناڵەکەی خۆیان زۆر بە گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، کریستیان بیسری، میدیاکاری ناسراوی عەرەبی، لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی دارایی و وەبەرهێنان و ئافرەت لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "من وەک هاووڵاتییەکی عەرەب هەمیشە گرنگی بە پرسە عەرەبییەکان دەدەم، لەوانەش پرسی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لەو پرسانە".

هاوکات راشیگەیاند، بەرەوپێشچوون لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمەش لە کەناڵەکەی خۆمانەوە زۆر گرنگی پێدەدەین، بە تایبەت رووداوەکانی ئەم دواییەی سیاسی کە لە کەرکوک کە روویدا.

ئاماژەی بەوەشدا، میدیاکار دەتوانێت رۆڵی ئافرەت بەهێزتر بکات لەسەر هەموو ئاستێک بە تایبەت لە بواری وەبەرهێنان، واتا راگەیاندن دەتوانێت ئاستی هۆشیاری ئافرەت زیاتر بەرز بکاتەوە و چاوی بکاتەوە، هەروەها وا لە ئافرەت بکات کە هەوڵ بۆ مافەکانی بدات.

ئەو میدیاکارە ئافرەتە، باسی لەوەشکرد، "تۆ وەبەرهێنان لە ئافرەتدا بکەیت دواتر دەتوانی وەبەرهێنان لە خێزان و کۆمەڵگەی ئافرەتیشدا بکەیت".

لەبارەی رۆڵی میدیا، کریستیان بیسری، گوتی: لە راستیدا راگەیاندن رۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕێت و میدیا دەتوانێت وێنەی هەموو خەڵکێک نیشانبدات بە تایبەت لە جیهانی دەرەوە، دواتر راگەیاندن لەم وڵاتە دەتوانێت وێنەیەکی ئەرێنی لەبارەی ئافرەت نیشان بدات، کە ژینگەیەکی لەباری هەبێت دەکرێت وەبەرهێنەران لەو بوارەدا بکرێت.

گوتیشی: ئەو ژینگەی جوانەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە دەکرێت سەرنجی وەبەرهێنەران زیاتر بۆ لای خۆی رابکێشێت، ئەگەر وڵاتێک ژینەگەیەکی نەرێنی هەبێت وێنەیەکی خەراپ نەک تەنیا لەبارەی ئافرەت بەڵکو لەباری هەموو بوارەکانی ژیان نیشانی جیهان دەدات، هیچ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان ناتونێت لەو وڵاتە بچێت وەبەرهێنان بکات.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە میدیاکاری ئەکادیمی و نا پرۆفیشناڵ لەیەکتر جیابکرێنەوە، هەروەها نابێت پەیامی ئەو کەسانەی کە چەواشەکاری تێکەڵی ئەو کەسانە بکرێت کە راستییەکان بڵاو دەکەنەوە، گوتیشی: پێویستە میدیاکار ببن بە چرایەکی رووناککەرەوە بۆ ئەوەی رێگەی هەموو خەڵک رووناک بکەنەوە.