وەزارەتی کار: زیاتر لە نیو ملیۆن بێوەژن و ژنی جیابووەوە داوای هاوکاری کۆمەڵایەتی دەکەن

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

ژمارەی ئەو بێوەژن و ژنانەی کە جیابوونەتەوە و دەیانەوێت لە مووچەی هاوکاری کۆمەڵایەتیدا تۆماربکرێن، 500 هەزار داواکاریان تێپەڕاندووە.

سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاری عێراق، ئەحمەد ئەلموسەوی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، ژمارەی ئەو بێوەژن و ژنانەی جیابوونەتەوە بەردەوامن لە وەرگرتنی مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، نیو ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو بێوەژن و ژنانەی جیابوونەتەوە و داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتنی مووچە، گەیشتووەتە زیاتر لە نیو ملیۆن داواکار.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی دەرکردنی "کی کارد" بۆ ئەو سودمەندانە بەردەوامە کە ناویان لە وەجبەی کۆتاییدا دەرکەوتووە، دەشڵێت: لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە حەوت هەزار کارت دەرچووە، دوای ئەوەی ستافی بەڕێوەبەرایەتی کۆکرایەوە و کاتی دەوام درێژکرایەوە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە سەردانیکارەکان لەخۆبگرێت، بە ئاماژەدان بەوەی کە دەسەڵاتەکە بەردەوامە لەو پلانەی کە دایڕشتبوو.بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوانەی کە ماونەتەوە.